دوای کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو لە هەولێر، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان کۆببنەوە. سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات کە تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکە تاوتوێکردنی سیناریۆی “کاندیدی هاوبەش” دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
لە درێژەی هەوڵە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و ڕێکخستنەوەی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەكە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی و ستراتیژی چڕ دەبێتەوە:
-پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
-کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
-یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئەم سێ دۆسیەیەدا دروست کراوە؛ بە جۆرێک کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دەبێتە کلیلی چارە و دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا.
بە پێی سەرچاوەکە، یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی دانوستانەکانی ئەمجارە، تاوتوێکردنی بیرۆکەی دیاریکردنی “کاندیدی هاوبەش”ـە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆی چڕ لەم بارەیەوە کراوە و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کورد بە یەک دەنگ و یەک کاندید بچێتە بەغدا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەكەی ئەم هەفتەیە ئەنجامی یەکلاکەرەوەی لێ بکەوێتەوە، بە تایبەت کە هەردوولا درک بە گرنگیی قۆناغەکە و پێویستیی خێراکردنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

































































