زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
لەو شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا لە هەندێك ناوچەی مێرگەسۆر زیاتر لە 60 سم بەفر باریوە. تیمەكانی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆریش بەردەوام ڕێگەوبانەكان لە بەفر خاوێن دەكەنەوە، بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش داواكارییەكی لە هاووڵاتییان و شۆفێران هەیە.
ئەندازیار ڕزگار دۆلەمەری، بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: شەپۆلێكی دیكەی بەفر بارین سنووری قەزای مێرگەسۆری گرتۆتەوە لە زینیا ستۆپێ تەنیا شەوی ڕابردوو 50 سم بەفر باریوە، لەناو سەنتەری قەزای مێرگەسۆریش 30 سم بەفر باریوە، تا ئێستاش بەفر بارین لە هەندێك شوێن بەردەوامە.
بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: تیمەكانی ئێمە بۆ ڕاماڵینی ڕێگەوبانەكان بەردەوام لە ئەركدانە و دابەشی سەر ڕێگە گشتییەكان كراون، لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوام ڕێگەوبانەكان لە بەفر خاوێن دەكەنەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین ئۆتۆمبێلی بچووك بەكارنەهێنن، ئەگەر بەكاریش بێنن زنجیر ببەستن، چونكە گیرخواردنی ئەوان كێشە بۆ تیمەكانی ئێمە دروست دەكات و ناتوانن وەكو پێویست كاری خۆیان بكەن و زیاتر لە دوو كاتژمێر كارەكانی ئێمە دوا دەخات.































































