نیگار خانۆ ژاژوكی
مامۆستای زانكۆ
شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) ژینا ئەمینی هەمان شۆڕشی 25 ی نۆڤمبەری وڵاتی دۆمێنیكان مان بیر دەخاتەوە
لە 25ی نۆڤەمبەری ساڵی 1960 لە وڵاتی دۆمێنیكان سێ ئافرەت (پاتریا، مینروا، ماریا ترێزا) كە بە خوشكانی میرابال ناویان دەركرد بوو، لەلایەن دەست و پێوەندەكانی «رافائێل تروخیۆ» دیكتاتۆری دۆمێنیكا كوژران، پاتریا، مینروا و ماریا ترێزا كچی «ئینریكە میراباڵ» و «ماریا مێرسدێس» بوون، ئەم سێ خوشكە و مێردەكانیان لە خەباتگێڕانی شێلگیری دژ بە رێژێمی «رافائێل تروخیۆ» بوون، هەر سێكیان نموونەی بەرزی خەبات و خۆڕاگری بە دژی حكوومەتی ملهوڕانەی ئەو دیكتاتۆرە بوون، لە رەوتی خەباتدا هەر كامێكیان چەندین جار كەوتبوونە بەندیخانە، لە ژانیوەری 1960 پاتریا، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی گرتەدەست كە دواتر بوو بە هەوێنی بزووتنەوەی نهێنیی 14ی جونی 1960، دوو خوشكەكەی دیكەشی بوون بە ئەندامی ئەو بزووتنەوەیە. تێكۆشەرانی ئەم بزووتنەوە نهێنییە لە سەرانسەری وڵاتدا كەوتنە بەر راوەدونان، لە 25 ی نۆڤەمبەری 1960دا خوشكانی میراباڵ، لە كاتێكدا بۆ دیتنی مێردە بەندكراوەكانیان دەیان بردن، بەدەست بەكرێگیراوانی «رافائێل تروخیۆ» و بە فەرمانی راستەوخۆی ناوبراو كوژران، ئەو تاوانە بووە هۆی تووڕەیی و بێزاریی گشتی خەڵك و هەروەها بووە یەكێك لە هۆكارەكانی بەرەوپێشبردنی خەبات بە دژی دیكتاتۆریی رافائێل تروخیۆ، ساڵێك دوای كوشتنی خوشكانی میراباڵ، حكوومەتی ملهوڕی رافائێل تروخیۆ كۆتایی پێهات. ئەم خوشكانە كە نازناوی (پەپوولە لەبیرنەكراوەكان)یان پێدرا بوو، بوون بە سیمبولی خۆڕاگری و خەبات دژی ستەم و زۆری دەرحەق بە ژنان.
لە ١٧ ی دیسەمبەر ساڵی ١٩٩١ لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەكو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی راگەیاندرا.
هەروەك ئاگادارن نزیكەی چەند مانگێكە گەلی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران راپەڕیون و بە خوێنی خۆیان بەرگریی و پێداگریی لە مافی رەوای خۆیان دەكەن و رووبەڕووی دڕندەترین هێرش و پەلامار و توندوتیژی لە لایەن هێزە تێرۆریست و سەركوتكەرەكانی رژێمی ئێران بوونەتەوە كە ئەمەش لە ئەنجامی شەهیدكردنی كچێكی كورد (ژینا ئەمینی) بەشێوەیەكی دڕندانە، كێشەی كورد، سەرپۆشەكە نەبوو كێشەی كورد زۆر لەمە قولترە، بەهانەی دوژمنانی كورد هەر چ بەهانەیەك بێت، بەڵام لە ئەنجام نەهێشتن و لەناوبردنی رۆڵەكانی ئەم میللەتەیە، جا گەلی رۆژهەڵات دەبێت لەم شۆڕشە ساردنەبنەوە و بەردەوام بن لەسەر شۆڕش و بەرخودان، بۆ ئەوەی ئەنجامی هاوشێوەی دۆمێنیكان بێت، خۆی كورد هەزارەها ژینا ئەمینی هەیە وەك (شەهید لیلا قاسم، شەهید هیدخەجەباوە و هەزارانی تر)، كچە شۆڕشگێڕ شەهید لیلا قاسم كە تا دوا هەناسەی خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد، لە رۆژی 12ی ئایاری 1974 بەخۆیی و چوار هاورێی بەدەستی رژێمی بەعس لەسێدارە دران، بۆیە دەبێت كورد رۆژی 12ی ئایار بكاتە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان”.