شەفیع ئەحمەد
دیکتاتۆریەت، پێش ئەوەی سیستەمێکی سیاسی بێت، حاڵەتێکی دەروونییە؛ بارودۆخێکی درێژخایەنە کە دەسەڵات لە لێپرسینەوە بەخشراوە و کۆمەڵگا بە بێدەنگی ڕاهاتووە.
دیکتاتۆر لە ترسەوە لەدایک دەبێت، بەڵام بە بەرهەمهێنانەوەی ترس لە ژیاندا دەمێنێتەوە. نە پێویستی بە ڕەزامەندییە و نە پێویستی بە ڕاستی؛ تاکە شتێک کە بۆ ئەو گرنگە بەردەوامبوونی گوێڕایەڵییە.
لە وەها ڕێزبەندییەکدا مرۆڤ هاوڵاتی نییە بەڵکو سوژەیە؛ دەنگ نییە بەڵکو هەڵگری گوێڕایەڵییە.
هەمیشە دیکتاتۆریەت بە بەڵێنێک دەست پێدەکات: بەڵێنی ئاسایش، شکۆمەندی، سەربەخۆیی، ڕزگاری.
بەڵام ئەم بەڵێنانە بە خێرایی دەبنە ئامرازی کۆنترۆڵکردن. زمانی فەرمی زمانی هەڕەشەیە؛ مێژوو دەنووسرێتەوە؛ یادەوەری بەکۆمەڵ دەبڕدرێت. دیکتاتۆرییەت داوای باوەڕکردن لە خەڵک ناکات، داوای لەبیرکردنیان لێدەکات. لەبیرکردنی کەرامەت، لەبیرکردنی ماف، لەبیرکردنی ئەگەری بەدیلێکی تر.
لەم پێکهاتەیەدا دەسەڵات نەک وەک بەرپرسیارێتی بەڵکو وەک خاوەندارێتی کار دەکات. دەوڵەت دەبێتە موڵکی تایبەت، دامەزراوەکان دەبنە دیکۆرات و یاساش لە فەرمانێکدا کورت دەکرێتەوە. دیکتاتۆر خۆی لەگەڵ میللەت دەناسێنێت، بەجۆرێک هەر ڕەخنەیەک بە خیانەت هەژمار دەکرێت.
ئەمە ئەو ساتەیە کە سیاسەت دەبێتە لاهووتێکی تاریک: سەرکردەی بێ هەڵە، گەلی تاوانبار، بارمتەی داهاتوو.
بەڵام دیکتاتۆریەت، هەرچەندە توندوتیژی و درێژخایەن بێت، بەدەست لاوازییەکی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت: بێتوانایی لە بەرهەمهێنانی مانا.
هێز دەتوانێت گوێڕایەڵی دروست بکات، بەڵام ناتوانێت هیوایەکی بەردەوام بەرهەم بهێنێت. سەرکوت دەتوانێت شەقام بێدەنگ بکات، بەڵام ناتوانێت عەقڵ بێدەنگ بکات. هەر لەبەر ئەمەشە *دیکتاتۆرەکان لە وشە دەترسن، لە وێنە دەترسن، لە جەستەی بەکۆمەڵ دەترسن . هەموو گردبوونەوەیەک، هەر هاوارێک، هەموو یادەوەرییەک هەڕەشەیە.
ڕاستییەکە هەر ماوەتەوە: هیچ دیکتاتۆریەتێک ئەبەدی نییە. مەرج نییە کۆتایی دیکتاتۆریەتەکان بە تانک و هێزی دەرەکییەوە بێت؛ زۆرجار بە وەرینی ناوخۆیی و دابڕانی شەرعیەت و داڕمانی متمانە دەست پێدەکات.
لەو ساتەدا کە خەڵک تەنانەت وا خۆیان نیشان نادەن کە باوەڕیان هەیە، دیکتاتۆریەتێک چووەتە قۆناغێکی مردن.
ڕەنگە ئەم کۆتاییە لەناکاو بێت یان وردە وردە، بەڵام حەتمییە.
ڕەخنەی ڕیشەیی لە دیکتاتۆرییەت واتە ناوهێنانی ڕاستییەکی سادە و دڕندە: دیکتاتۆر بەبێ ترسی خەڵک هیچ نییە . تەواوی ئامێرە ئەمنی و پڕوپاگەندە و ئایدۆلۆژییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ترسە بنیات نراوە.
کاتێک ترس نامێنێت، دەسەڵات ڕووت دەبێتەوە؛ و دەسەڵاتی ڕووتیش ناجێگیرە.
دیکتاتۆریەت نیشانەی بەهێزی نەتەوەیەک نییە، بەڵکو بەڵگەنامەی برینداربوونی نەتەوەیەکە. کۆتاییەکەی، هەرکاتێک هات، دیارییەکی زلهێزە بیانییەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی گەڕانەوەی خەڵکە بۆ دەنگی خۆیان.
مێژوو دەریخستووە کە سەردەمی دیکتاتۆرەکان نەک بە ڕووخانی کۆشکەکان، بەڵکو بە ڕووخانی شەرعیەت کۆتایی دێت. ئەم کۆتاییە، بە دڵنیاییەوە درەنگ یان زوو هەر ڕوودەدات.
ئەمە ڤەنزوێلا، خاکی ئازار و هیوا!
ئەی ئەو دایکە گریاوانەی کە منداڵەکانتان لەدەست داوە بە برسێتی و دەربەدەری! ئەی ئەو باوکانەی شەوانە لە ترسی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکان دەخەون! ئەمڕۆ ٣ی ١ی ٢٠٢٦ فرمێسکەکانت بوونەتە ڕووبارێکی شادی.
نیکۆلاس مادۆرۆ، ئەو دیکتاتۆرە خوێناوییە، ئەو تاڵانچیەی میللەت، دواجار لە کۆشکی میرافلۆریس ڕاکێشرایە دەرەوە. هێزەکانی ئەمریکا، له ئۆپەڕاسیۆنێکی بوێرانه و ورددا، ئەو و هاوسەڕەکەیان گرت و له وڵاتیان دەڕهێنا.
سەردەمی مادۆرۆ کۆتایی هات! ئەمە تەنها کۆتایی دەسەڵاتێکی گەندەڵ نییە، بەڵکو سەرەتای زیندووبوونەوەی نەتەوەیەکە.
دیکتاتۆری چییە جگە لە زنجیرێک لە ملی ئازادی؟ مادۆرۆ، میراتگری ناشەرعی چاوێز، ڤەنزوێلای کردووە بە دۆزەخێک کە ملیۆنان کەسی تێدا سووتاوە. بە ساختەکاریی ئاشکرا هەڵبژاردنەکانی دزی و ملیۆنان هاوڵاتی ڤەنزوێلا ناچاربوون هەڵبێن، منداڵان لە برسێتیدا گیانیان لەدەستدا، نەخۆشخانەکان دەرمانیان تەواو بوو، ئابووریش کە گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانی هەبوو، لە داروپەردوودا کورتکرایەوە. ئەم دیکتاتۆرە بە پشتیوانی کوبا و ئێران و ڕووسیا، میللەتی بە بارمتە گرت. سەرکردە نەبوو، بەڵکو تاوانبارێک بوو بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی خوێنی گەلی مژد.
بەڵام ئەمڕۆ جیهان بینی کە دیکتاتۆریەتەکان ئەبەدی نین.
لە کاتێکدا مادۆرۆ لە کۆشکەکەی خۆی حەشاردابوو، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەوێ. تەقینەوەکان لە کاراکاس دەنگی دایەوە، دوکەڵ لە بنکە سەربازییەکان بەرزبووەوە و لەناکاو، ئەو پیاوەی خۆی بە نەدۆڕاو دەزانی، وەک تاوانبارێکی ئاسایی دەستگیرکرا.

































































