مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیی حەلەب لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆشداری دەدات كە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەلایەن بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دژ بە هێزەكانی ئەوان لە ئارا دایە و ڕایدەگەیەنێت “هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەردەوامن لە هەڵمەتی بە ئەنقەست بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروست و لێدوانی ناڕاست،”
دەشڵێت “ئەو دەزگایانە بانگەشەیەكی بێ بنەما بڵاو دەكەنەوە كە گوایە هێزەكانمان داوای تێپەڕاندنی سەلامەتیان كردووە لە گەڕەكەكانیان لە حەلەب، كە ئەمەش دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە هێزەكانمان داوای هیچ ڕێگایەكی سەلامەتیان نەكردووە، داواش ناكەن، چونكە ئەوان دەستدرێژكار نین. ئەو لایەنەی كە دەبێت تانك و تۆپ و چەكدارەكانی لە دەوروبەری ناوچەی نیشتەجێبوون بكشێنێتەوە، لایەنی هێرشبەرە- گرووپەكانی حكومەتی دیمەشق- كە دەستدرێژییەكی ئاشكرا بۆ سەر ناوچە دانیشتووەكانی مەدەنی ئەنجام دەدات.”
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیی حەلەب جەخت لەوەش دەكاتەوە كە هێزەكانیان لە هەڵوێستەكانیان خۆڕاگرن و قارەمانانە گەڕەكەكانی خۆیان دەپارێزن و بە ئیرادەیەكی بەرزەوە ڕووبەڕووی تانك و تۆپخانە و چەتە و بەكرێگیراوان دەبنەوە،”
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیی حەلەب دڵنیایش دەداتە گەلەكەی خۆیان كە ئەوان بەهۆی هەڵمەتی زانیاری ناڕاستەوە ناجووڵێن كە ئامانج لێی بێهێزكردنیان و شێواندنی واقیعی سەر زەوییە. ڕاستییەكە ڕوونە: دەستدرێژكار ئەو كەسەیە كە دەبێت بكشێتەوە، بەرگریكاری خاكەكەیان پاشەكشە ناكەن .

































































