د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی ستراتیژی وەزارەتەکەی بۆ ئەمساڵ راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە کارنامەی ئەمساڵیان گۆڕانکاری ریشەیی لە کەرتی تەندروستیدا دروست دەکات، کە گرنگترینیان دابینکردنی بیمەی تەندروستی و بەئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی نەخۆشە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، رەشنووسی پڕۆژەی بیمەی تەندروستی ئامادە کراوە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.
بڕیارە دوای دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان، پڕۆژەکە پەسەند بکرێت و بەوەش تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی دەبنە خاوەنی بیمەی تەندروستی.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چاکسازی کارگێڕی، دکتۆر سامان بەرزنجی رایگەیاند: “ئەمساڵ دەبێتە ساڵی بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکان. هەر هاووڵاتییەک کۆدێکی تایبەتی بۆ دروست دەکرێت و دەبێتە خاوەنی دۆسیەیەکی تەندروستی ئەلیکترۆنی لە سیستەمی گشتی تەندروستیدا.”
سەبارەت بە ژێرخانی تەندروستی، بەرزنجی ئاشکرای کرد کە نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەم نزیکانە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ باشتربوونی بارودۆخی دارایی، کار دەکرێت بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە پێشتر راوەستابوون.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمساڵ گرنگییەکی تایبەت بە ناوەندە تەندروستییەکانی دەرەوەی شارەکان دەدرێت، بە مەبەستی گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی پزیشکی بە هەموو ناوچەکان بە یەکسانی.

































































