وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەی 600 فەرمانبەر و مووچەخۆری راگرت، ئەمەش بەهۆی ئەنجامنەدانی تۆماری بایۆمەتری و نەبوونی کۆدی بێهاوتای وەزیفی (UPN).
زۆربەی ئەو کەسانەی مووچەکانیان راگیراوە، ئەو فەرمانبەرانەن کە لە مۆڵەتی درێژخایەن یان بێمووچەدان و لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.
ژیار ئەکرەم، سەرپەرشتیاری بنکەکانی بایۆمەتری لە هەولێر رایگەیاند، هەر فەرمانبەرێک لە ساڵی 2016ـەوە پەنجەمۆر و وێنەی گلێنەی چاوی تۆمار نەکردبێت، ناوی لە لیستی مووچەدا نامێنێت.
بەرپرسانی بایۆمەتری جەخت دەکەنەوە کە کێشەکە کاتییە؛ هەر کاتێک ئەو فەرمانبەرانە سەردانی بنکەکان بکەن و کۆدی (UPN)ی 13 ژمارەیی وەربگرن، مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێتەوە، تەنانەت ئەو مووچانەشیان بۆ دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەم کێشەیەوە فەوتابوو.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی لیستی مووچەی هەرێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.






























































