وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێکی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، تاران هەم بۆ دانوستان و هەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئامادەیە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەم، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تاران هێشتا دەرگای دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا دانەخستووە، بەو مەرجەی گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و بەرژەوەندی هاوبەش بێت بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئامانجی واشنتۆن شەڕ بێت، ئەوا ئێران بۆ ئەو ئەگەرەش بە تەواوی ئامادەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕاشیگەیاند: وڵاتەکەی هەرگیز مێزی گفتوگۆی جێ نەهێشتووە، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخەکە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەبار نییە، چونکە حکومەتی ئەمریکا ئەو ڕێبازە ناگرێتە بەر کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن بێت.

































































