زاری كرمانجی-سۆران
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان/ نووسینگەی سۆران هەموو زانیارییەکی پێویست سەبارەت بە نوێکردنەوەی ناسنامەو پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی نیشتەجێبوون و بە ئەندامبوونی ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەندامان و ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاو دەکاتەوە.
لەبارەی نوێکردنەوەو سیستەم و شێوازی نوێی نوێکردنەوەی ناسنامەو سزای نوێ نەکردنەوەی سێ ساڵی و پێنج ساڵی نووسینگەی سۆران ڕایدەگەیەنێ “ٓ بە پشتبەستن بە دوایین مەرج و ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و بە نووسراوی فەرمی سەندیکا بە ژمارە 2331 کە لە کۆتای ساڵی ڕابردوو ئاراستەی سەرجەم لق و نووسینگەکان کراوە جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نوێکردنەوەی ناسنامەو جێبەجێکردنی پابەندی دارایی ئەندامانی سەندیکا شتێکی ساڵانەیەو پێویستە ڕۆژنامەنووسانی ئەندام پێیەوە پابەند بن.”
سەبارەت دانانی سزاو غرامەی نوێ نەکردنەوەی ناسنامە بە شێوەی ساڵانە جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ” هەر ڕۆژنامەنووسێک بۆ ماوەی سێ ساڵ بێت ناسنامەی نوێ نەکردبێتەوە ناوی دەچێتە لیستی (دواکەوتوەکان لە ئابونە) بۆ دەرهێنانەوەی ناسنامەکەی پێویستە ئابونەی هەر سێ ساڵەکە لەگەڵ بڕی 25000 هەزار دیناری غەرامە بدات ئەوکات ناسنامەی بۆ نوێ دەکرێتەوەو ناوی لەناو لیستی دواکەوتوەکان لە ئابونە دێتە دەرەوە.”
ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە ” هەر ئەندامێکیش بۆ ماوەی پێنج ساڵ ناسنامەی نوێ نەکردبێتەوە تەرقین قید دەکرێت و لە ئەندامیەتی نامێنێت. بۆ گەڕاندنەوەی ناو و نوێکردنەوەی ناسنامەکەی پێویستە داواکارییەک ئاراستەی نووسینگە بکات، پاش ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار، ئەوە پێویستە کە بڕی 50000 هەزار وەک غەرامەو ئابونەی کۆی ساڵەکانیش پێکەوە بدات ئەوکات ناوی دەچێتەوە ناو لیستی ئەندامانی سەندیکاو دەبێتەوە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.”
ڕونکردنەوەکەی نووسینگەی سۆران ئاماژەی بەوەشکردوە کە ” سیستەمی نوێی نوێکردنەوەی ناسنامە بە جۆرێکە کە لەگەڵ تۆمارکردنی داتاو زانیاری نوێکردنەوەی ناسنامە، ئەوە هاوشێوەی پارەدانی ئەلکتڕۆنی ڕاستەوخۆ لە نووسینگە پسولەی پارەدان چاپ دەکرێت و ناسنامەکانیش لەماوەی دوو ڕۆژ چاپ دەکرێن.”.
لەبارەی پێداویستیەکانی نوێکردنەوەی ناسنامەش باس لەوەکراوە کە ” ئەوانەی لە ساڵی 2019 تا 2025 ناسنامەیان نوێ کردۆتەوە تەنها پێویستیان بە پشتگیری دەزگایەکی ڕاگەیاندن لەگەڵ هەردوو دیوی کارتی نیشتمانی هەیە.
ئەوانەش کە لەماوەی پێش ئەو ساڵانە ناسنامەیان نوێ نەکردیتەوەو ناویان لەناو سیستەم و داتابەیس تۆمار نەکراوە، ئەوە پێویستە کە ناوی چواری بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، وێنەیەکی معامەلات بە شێوەی دیجیتاڵی، کارتی نیشتیمانی و پشتگیری دەزگایەکی ڕاگەیاندن بهێنن.
لەبارەی کاتی نوێکردنەوەو پڕکرنەوەی زانیارییەکان، ئەوە کاتژمێر 10:00 ی پێشنیوەڕۆ تا کاتژمێر 1:00 نیوەڕۆ ڕۆژانی شەممەو دووشەممەی هەر سێ هەفتەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 لە ئۆفیس معامەلات و کارەکان ڕای دەکەین.
پڕکردنەوەی فۆڕمی زەویش بەهەمان شێوە فۆڕمەکانیش هەمان کات پڕ دەکرێنەوە. لەبارەی ئەوەی کێ و چ ئەندامێکی سەندیکا مافی پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی هەیە، ” ئەوانەی پێشتر لەوەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوونە، ئەوانەی ئەندامی سەندیکان کارا، مەشقکارو بەشدار، هەروەها ئەو ئەندامانەی ساڵانە ناسنامەیان نوێ کردیتەوەو پابەندییەکانی خۆیان جێبەجێکردووە.”
لەبارەی وەرگرتنی ئەندامیەتی نوێش، ئەوە بەهەمان میکانیزم و شێوازی پێشتر ڕۆژنامەنووسان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بوون بە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

































































