ئەنجوومەنی جێبەجێكاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، راگەیەنراوێكی توندی لەبارەی هێرشەكانی سەر حەلەب بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ئەوەی روو دەدات “ئۆپراسیۆنی پاكتاوكردنە” و پێشێلكردنی رێككەوتنەكانە.
لە راگەیەنراوەكەدا دەم پارتی ئاماژەی بەوە كردووە، لە شەوی رابردووەوە حكوومەتی دیمەشق بە تانك، تۆپ و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرش دەكاتە سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید كە سریانی تێدا نیشتەجێن.
بەپێی ئامارەكان كەدەم پارتی ئاماژەی پێ داوە،حەوت هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و 46ـی تریش بریندارن. لەم هێرشانەدا گرووپەكانی “هەمزات، ئەمجات، سوڵتان موراد و نوورەدین زەنگی” كە توركیا پاڵپشتییان دەكات، بەشدارن.
دەم پارتی دەڵێت: “ئەم هێرشانەی حكوومەتی دیمەشق هەڕەشەیەكی ئاشكرایە بۆ سەر یەكپارچەیی سووریا، لە كاتێكدا بەپێی رێككەوتنی 10ی ئادار و یەكـی نیسانی 2025، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) چەكی قورسیان كشاندەوە و تەناهیی گەڕەكەكانیان رادەستی ئاسایشی ناوخۆ كرد، بەڵام دیمەشق رێككەوتنەكە پێشێل دەكات و ژیانی 200 هەزار هاووڵاتی خستووەتە مەترسییەوە”.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: “ئەوەی لە حەلەب دژی كورد دەكرێت، قورسترە لەو كۆمەڵكوژییەی دژی درووزەكان لە سوەیدا پیلانی بۆ دانرابوو”.
دەم پارتی داوا لەو وڵاتانە دەكات كە ناوەندگیری دەكەن لە نێوان خۆبەڕێوەبەریی باكور و رۆژهەڵات و حكوومەتی دیمەشق، بەرپرسیارێتی “گەرەنتیكار” جێبەجێ بكەن و دەستبەجێ رێگریی لەم هێرشانە بكەن كە مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە تەواوی سووریا دروست دەكات.
لە كۆتاییدا دووپاتی كردووەتەوە، تاكە رێگە بۆ كۆتاهێنان بە ئاڵۆزییەكان، دیالۆگ و دروستكردنی ئیدارەیەكی هاوبەشە لەسەر بنەمای مافی یەكسان بۆ هەموو پێكهاتەكانی سووریا.
































































