سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بۆ شەفەق نیوزی ئاشكرا کردووە، كە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كۆمەڵێك مەرجی نوێی بۆ محەمەد شیاع سوودانی داناوە و جێبەجێكردنیان كراوەتە بنەمایەك بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، مەرجەكان تەنیا بۆ سوودانی نییە، بەڵكو بۆ هەر كاندیدێكی ترە كە پۆستەكە وەربگرێت.
گرنگترین مەرجەكانیش بریتین لە:
- سوودانی یان هەر كاندیدێك، بۆی نییە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لیست و قەوارەی تایبەتی هەبێت.
- كاندیدەكە نابێت جارێكی تر خۆی بۆ هەڵبژاردن كاندید بكاتەوە.
- بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران دەبێت كەسایەتییەك بێت لە دەرەوەی هاوپەیمانییەكەی سوودانی.
- پێكهێنانی لیژنەیەك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەدواداچوونی كارەكانی حكومەت.
- دیاریكردنی 100 رۆژ وەك ماوەی تاقیكردنەوە بۆ ئەدای كابینەكە.
هاوكات رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم، مەرجێكی تری بۆ كارنامەی داهاتوو پێشنیار كردووە، ئەویش دووبارە نەكردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەیە.

































































