زاری كرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی دەرمان ئاشكرای كرد، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ھەنگاوی باش نراون لە كەرتی دەرمان و دەشڵێ، ھاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی باركۆدی سەر دەرمانەوە زانیاری لەبارەی نرخ و بەرھەمھێنانی دەرمانەوە بزانن.
د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، ڕاگەیاند: “لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كەرتی دەرمان لە سێ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانكاریی بەرچاو كراون، لەوانەش جیاكردنەوەی كەرتی گشتی و تایبەت و نەھێشتنی ڕۆتین، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی ھیچ كەس و كۆمپانییەك لەبەرچاو ناگیرێت، بەتایبەتی ھەندێ سەرچاوەی باوەڕپێكراوی دەرمان دیاری كراون.”
بەڕێوەبەری گشتیی كونتڕۆڵی دەرمان گوتیشی: “ئێستا دەرمان لە ھەموو سەرچاوەیەكەوە ھاوردەی ھەرێمی كوردستان ناكرێت، ھەروەھا ھەبوونی دەرمانی قاچاخ لەنێو بازاڕ بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كراوەتەوە، ھاووڵاتییان لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەتوانن زانیاری لەبارەی دەرمانەوە بەدەست بێنن، ھەموو زانیارییەكی سەرەتایی لە ڕووی بەرھەمھێنان و نرخ و بەسەرچوونی بەدەست بێنن.”
د. شێروان سادق ڕوونی كردەوە: ”لە ساڵی ڕابردووە ھەر كۆمپانیایەك تۆمار نەكرابێت ڕێگەی پێ نادرێت دەرمان ھاوردە بكات، بەسێ قۆناغیش كار لەسەر نرخی دەرمان كراوە، ھۆبەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆالێتیی كۆنتڕۆڵی دەرمان تەرخان كراوە بۆ دیاریكردنی نرخ و یەكخستنی نرخی دەرمان، لە قۆناغی دووەمدا پێداچوونەوە لەسەر بنەمای تۆمار بۆ نرخی ھەموو دەرمانێك دەكرێت.”