زاری كرمانجی
بانکی ناوەندیی عێراق یەکەم روونکردنەوەی لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندی بە جێبەجێکردنی باجی گومرکییەوە هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەم، لە راگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندیی عیراق ئاشکرایکردووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی فەرمی دۆلاردا روینەداوە و وەک خۆی جێگیرە کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.
سەبارەت بەو بەرزبوونەوەیەی لە بازاڕەکاندا هەیە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، “ئەو نرخە بەرزەی ئێستا مامەڵەی پێوە دەکرێت، پەیوەندی بە خواستی بازاڕی ناڕەسمییەوە هەیە لە دەرەوەی سیستمی ئەو بانکە رێگەپێدراوانەی کاری حەواڵەی دەرەکی دەکەن”.
بانکی ناوەندی هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی دۆلار لە بازاڕی رەش (بازاڕی هاوتەریب) بۆ جێبەجێکردنی “باجی گومرکی پێشوەختە” دەگەڕێنێتەوە، کە وایکردووە خواست لەسەر دۆلار لە دەرەوەی سیستمی بانکی زیاد بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەرگرتنی باجی گومرگی پێشوەختە بۆ مەبەستی حەواڵە، فشارێکی گەورەی لەسەر بازرگانان و داواکارانی دۆلاری نەقد دروستکردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ لاوازبوونی دینار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.

































































