زاری كرمانجی – سۆران :
هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودیە، لە چەندین ناوچەی جیاوازەوە هێرشێكی توندی كردە سەر جوداخوازەكانی یەمەن و سەرچاوە ناوخوییەكانی یەمەنیش بڵاویان كردەوە كە لە شەوی ڕابردووەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشووری یەمەن بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە .
هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودیە لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكەن “جوداخوازان هێزی گەورەییان جووڵاندبوو كە پێك هاتبوو لە تانك و چەكی جۆراوجۆر، ئێمەش بۆ ڕێگریكردن لە فراوانتربوون و گواستنەوەی توندوتیژییەكان بەرەو ناوچەكانی تر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند هێرشێكی سنووردار و پێشوەختەمان لە باشووری یەمەن ئەنجامدا.”
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە “عیدروس زوبەیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشوور، بڕیار بوو ئەمڕۆ بەشداری كۆنفرانسەكەی ڕیازی تایبەت بە چارەسەری پرسی باشووری یەمەن بكات، كەچی بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە.”
لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجوومەنی سەركردایەتی سەرۆكایەتی یەمەن، ئەندامێتی زوبەیدی بە تۆمەتی ناپاكی مەزن لە ئەنجوومەنەكە هەڵوەشاندەوە و ڕەوانەی دادگای دەكات.

































































