
كامەران ئیبراهیم شێروانی
پرۆسەی گۆڕینی شێوازی وەرگرتنی مووچە لە سیستەمی نەریتییەوە بۆ سیستەمی بانكی لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”، هەنگاوێكی ستراتیژی و گرنگە بەرەو ڕێكخستنەوەی ژێرخانی دارایی و بەدیجیتاڵكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان. ئەم پڕۆژەیە تەنها گۆڕینی شوێنی وەرگرتنی مووچە نییە لە پەنجەرەی ژمێریاریی بانكەكان یاخود فەرمانگەكانەوە بۆ دەرچەی ئامێرەكانی ATM، بەڵكو ئامانجە سەرەكییەكەی گواستنەوەی كۆمەڵگەیە لە ئابوورییەكی “كاش-بەند” نەختینەیی كە تێیدا هەموو مامەڵەكان بە پارەی كاش دەكرێن، بۆ ئابوورییەكی بانكیی پێشكەوتوو كە تێیدا هەژمارەكان دەبنە بڕبڕەی پشتی جوڵەی دارایی و مامەڵە داراییەكان.
لە بنەمای زانستی بانكی و لە ئەزموونی وڵاتانی جیهاندا، هیچ بانكێك یاخود سیستەمێكی بانكی نییە كە بتوانێت لە یەك كاتدا تەواوی ئەو پارەیەی لە هەژمارەكاندا هەیە بە شێوەی كاش بۆ هەموو مووچەخۆران یاخود بەكارهێنەرانی دابین بكات. ئامێرەكانی ATM لە بنەڕەتدا وەك كۆگایەكی كاتیی پارە بۆ پێداویستییە كتوپڕەكان كار دەكەن و توانایەكی دیاریكراویان هەیە بۆ هەڵگرتنی نەختینە. هەر بۆیە كاتێك گوشارێكی نائاسایی دەكەوێتە سەر ئامێرەكان و هەموو مووچەخۆرێك دەیەوێت لە یەكەم ڕۆژی دابەشكردنی مووچەدا تەواوی باڵانسەكەی ڕابكێشێت، ئەمە دەبێتە هۆی خاڵیبوونەوەی خێرای ئامێرەكان و دروستبوونی قەیرانی نەختینە؛ ئەمەش كردارێكی داراییە كە لە هیچ شوێنێكی دنیای پێشكەوتوودا بەو شێوەیە ئەنجام نادرێت.
پڕۆژەی هەژماری من لە كرۆكدا بۆ ئەوە هاتووە متمانەی نێوان هاووڵاتی و سیستمە بانكییەكان دروست بكاتەوە و خزمەتگوزارییەكانی وەك قەرز، كڕینی قیست، گواستنەوەی پارە و پاراستنی سەرمایە بۆ مووچەخۆران فەراهەم بكات. كاتێك مووچەخۆر دەبێتە خاوەنی هەژمارێكی بانكیی فەرمی، دەرفەتێكی نوێی بۆ دەكرێتەوە تا سوود لەو ئاسانكارییە بانكییانە وەربگرێت كە پێشتر تەنها بۆ پۆلێكی دیاریكراوی بازرگانان بەردەست بوون.
بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە قۆناغی سەرەتاییەوە بەرەو سەركەوتنێكی گشتگیر هەنگاو بنێت، ناتوانین تەنها لۆمەی مووچەخۆر بكەین كە بۆچی هەموو پارەكەی ڕادەكێشێت، چونكە لە ڕاستیدا هاووڵاتی كاتێك دەبینێت زەمینەی پێویست بۆ خەرجكردنی پارەكەی بە شێوەی ئەلكترۆنی بۆ ساز نەكراوە، ناچار دەبێت پەنا بۆ كاش ببات. بۆ چارەسەری بنەڕەتیی ئەم كێشەیە و كەمكردنەوەی فشار لەسەر ئامێرەكان، پێویستە هەنگاوی یاسایی و كارگێڕی بنرێت بۆ ئەوەی بەكارهێنانی ئامێرەكانی پارەدانی ئەلكترۆنی (POS) لە بازاڕدا بكرێتە ناچاری.
بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت و خاوەنكارەكان، لە ماركێتە بچووكەكانەوە تا كۆمپانیا و بزنسە گەورەكان، بە پەرۆشەوە بەرەو بەكارهێنانی ئامێری POS و سیستەمی بانكی هەنگاو بنێن، پێویستە ستراتیژییەتێكی هەمەجۆری هاندەر پەیڕەو بكرێت كە وایان لێبكات ئەم گۆڕانكارییە وەك دەرفەتێكی گەشەكردن ببینن نەك وەك ئەركێكی زیادە. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین میكانیزمەوە دەكرێت:
یەكەم: هاندەرە دارایی و باجییەكان :
یەكێك لە كاریگەرترین ڕێگاكان بۆ ڕاكێشانی خاوەنكارەكان، پێشكەشكردنی داشكاندنی ڕاستەوخۆیە لە باجی ساڵانە بۆ ئەو شوێنانەی كە ڕێژەیەكی دیاریكراوی فرۆشیان بە شێوەی دیجیتاڵی ئەنجام دەدەن. هەروەها دەكرێت بانكەكان بۆ ماوەیەك هیچ بڕە پارەیەك (Commission) لە خاوەنكارەكان وەرنەگرن لە بەرامبەر هەر مامەڵەیەكی ئەلكترۆنی، ئەمەش تێچووی بازرگانییان كەمدەكاتەوە.
دووەم: ئاسانكاری بۆ وەرگرتنی قەرز و سەرمایە :
بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكان، دەكرێت هەبوونی چالاكی بانكی و بەكارهێنانی ئامێری POS بكرێتە پێوەرێك بۆ پێدانی “قەرزی بێ سوود” یان “قەرزی گەشەپێدان”. كاتێك بانك دەبینێت بزنسێك سووڕێكی دارایی ڕوونی هەیە لە ڕێگەی ئامێرەكانی POS، دەتوانێت بە ئاسانی متمانەی پێ بكات و ئاسانكاری دارایی بۆ بكات بۆ فراوانكردنی كارەكەی، ئەمەش هاندەرێكی گەورەیە بۆ بازرگان و بزنسەكانیان.
سێیەم: دابینكردنی تەكنەلۆژیا و پشتیوانی بێ بەرامبەر :
پێویستە بانكەكان ئامێرەكانی POS بە شێوەیەكی خۆڕایی یان بە نرخێكی زۆر كەم دابین بكەن و پشتیوانی تەكنیكی بەردەوامیان پێشكەش بكەن. بۆ بزنسە گەورەكان، دەكرێت سیستەمی ژمێریاری پێشكەوتوو لەگەڵ ئامێرەكاندا بەستراوە بێت كە یارمەتییان بدات لە ڕێكخستنی كۆگا و فرۆشەكانیان، ئەمەش وەك خزمەتگوزارییەكی زیادە پێیان بدرێت.
چوارەم: دروستكردنی كێبڕكێ لە ڕێگەی خەڵاتی دارایی :
كاتێك بانكەكان گێڕانەوەی بەشێك لە پارە (Cashback) بۆ ئەو كڕیارانە كارا دەكەن كە كارت بەكاردەهێنن، ئەمە خواستی كڕین لەو شوێنانە زیاد دەكات كە ئامێری POSیان هەیە. ئەمەش وای لێ دەكات ئەو خاوەنكارانەی ئامێرەكەیان نییە، هەست بكەن كڕیارەكانیان لەدەست دەدەن و خۆبەخۆ ناچار بن بۆ ڕاكێشانی كڕیار، پەنا بۆ بەكارهێنانی POS ببەن.
پێنجەم: ناساندن و برەوپێدانی بازرگانی :
بانكەكان دەتوانن لە ڕێگەی پلاتفۆرمەكانی خۆیانەوە، ڕیكلام و ناساندن بۆ ئەو ماركێت و كۆمپانیایانە بكەن كە ئامێری POS بەكاردەهێنن، وەك شوێنی دۆستی دیجیتاڵ ناویان ببەن. ئەم جۆرە لە ناساندن دەبێتە هۆی ئەوەی بزنسەكان هەست بكەن بەكارهێنانی سیستەمەكە پێگەی بازاڕیان بەهێزتر دەكات.
بەم شێوەیە كاتێك خاوەنكار دەبینێت بەكارهێنانی سیستەمی بانكی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی باج، دەستكەوتنی قەرزی ئاسان، و زیادبوونی كڕیارەكانی، ئیتر پێویستی بە هیچ جۆرە ناچاركردنێكی یاسایی نابێت و خۆی دەبێتە پێشەنگ لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆسە نیشتمانییەدا.
ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی ئەوەی بازاڕ بە خێرایی خۆی لەگەڵ سیستەمی پارەدانی ئەلكترۆنی و بەكارهێنانی كارتی بانكی بگونجێنێت و ژێرخانێكی فراوان بۆ مووچەخۆر بڕەخسێت. كاتێك هاووڵاتی مووچەخۆر دەبینێت دەتوانێت لە كڕینی پێداویستی ڕۆژانە، سووتەمەنی، چارەسەری پزیشكی و هەموو چالاكییە بازرگانییەكاندا كارتەكەی بە شێوەیەكی سەلامەت بەكاربهێنێت، ئیتر پێویستییەك نابینێت بۆ ئەوەی لە سەرەی درێژی بەردەم ئامێرەكان بوەستێت و هەموو پارەكەی بكاتە كاش.
لە كۆتاییدا؛ ئەگەر ئەم ڕێگەچارە بنەڕەتییانە و هەنگاوە گرنگانە بۆ ڕێكخستنی بازاڕ نەگیرێنە بەر، تەنها زیادكردنی ژمارەی ئامێرەكانی ATM سوودێكی ئەوتۆی نابێت. زیادكردنی ئامێرەكان بەبێ بڵاوكردنەوەی ئامێری POS و چەسپاندنی سیستەمی دیجیتاڵی، تەنها وەك دەرزییەكی ئازارشكێن وایە كە كێشەكە بە شێوەیەكی كاتی و ڕووكەشی چارەسەر دەكات. سەركەوتنی ڕاستەقینە بە هاوكارییەكی سێ قۆڵی لە نێوان بانكەكان بە دابینكردنی تەكنەلۆژیا و خزمەتگوزاریی ئەلیكترۆنی و POS، حكومەت بە دەركردنی ڕێنماییە ناچارییەكان و هاووڵاتیان بە گۆڕینی كلتوری مامەڵەكردن دێتە دی.

































































