وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاری دا دابەشکردنی بەشەخۆراکی هەشتەمی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت. کێشەکە لەسەر 118 ملیار دینارە کە بەغداد دەڵێت وەک “قەرز” لای هەرێم ماوەتەوە، لە بەرامبەردا هەرێم دەڵێت ئەو پارەیە لە خەرجییەکانی گواستنەوە و کۆگاکردندا سەرف کراوە.
خاڵە سەرەکییەکان:
🔹بەغداد داوا دەکات مانگانە ٢٥٠ دینار بخرێتە سەر پارەی بەشەخۆراکی هەر هاووڵاتییەک تا قەرزەکە دەدرێتەوە.
🔹 لە هەرێم تەنیا 7 بەشەخۆراک دابەشکراوە، لە کاتێکدا لە عێراق 8 بەش دراوە.
🔹 حکومەتی هەرێم دەڵێت خەرجکردنی ئەو پارەیە بە ئاگاداری بەغداد بووە و ئێستا لیژنەیەک خەریکی پاکتاوکردنی ژمێرکارییەکانن.
نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێم چاوەڕێی گەیشتنی بەشەخۆراکن و 81 هەزار تۆن خۆراکیش لە کۆگاکان گلدراوەتەوە.

































































