ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆژەی دروستکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەڕێوە چوو.
ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکدا گوتی: بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە گرتنەبەری ڕێکار و رێوشوێنەکانی ساڵانی ڕابردوو و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گەورە و گرنگ و ستراتیژییەكان و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبوونە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە، توانرا تاڕادەیەكی زۆر مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەر شاری هەولێر و دەوروبەری نەهێڵدرێت و ئەمساڵیش لەوەرزی بارانبارین دەرەنجامەكانی بینرا.
دواتر (پریزینتەیشنێک) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر سەبارەت بە پڕۆژەكە پێشكەشكرا و بەشێوەیەكی زانستی ئامانج و چۆنیەتی دانان و كاركردنی سیستەمەكە و ئاگاداربوون لە ڕوودانی لافاو شی كرایەوە، كە بە دروستكردنی ئەو پرۆژەیە هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و كوردستان خاوەنی ئەو سیستەمە بێت، گفتوگۆ لە بارەی سیستەمەكە بەشێوەیەكی گشتیی كرا، كە ئامانجی ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتییانە لە ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازرا و بە هۆی گۆڕانی كەش و هەواو و هاتنی بارانێكی زۆر.
هەروەها باس لەوەشکرا بە هۆی ئەو سیستەمەوە دەتوانرێت لەڕێگەی دروستكردنی ئەپڵیكەیشنی تایبەتەوە ڕێنمایی پێویست بدرێت بە هاووڵاتییان و کارەكانی بریتیبێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ لافاو گرتنەبەری هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و دیاریکردنی مەترسیی ناوچەکان و پلەبەندیان بۆ بکات و دیاری بکرێت، هەروەها زانیاری تەواو و دروستی کەشناسی بۆ هەر ڕووداو و ئەگەرێک بخاتە ڕوو.
هەروەها پارێزگاری هەولێر لیژنەیەكی پێكهێنان بۆ زیاتر دیراسەكردنی پرۆژەكە.

































































