مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كە سێ مێردمنداڵی كورد ی خەڵكی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە
لە ڕاپۆرتی هەنگاو هاتووە “ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 4ـى كانوونی دووەم، سێ مێردمنداڵی كورد بە ناوەكانی سەدرا مەنسووری، فیرووز فەرەجی كە تەمەنیان 17 ساڵە و هەروەها هاوڕێیەكەیان ئەمیر عەلی عەبدیان تەمەن 16 ساڵ، لە نزیك نەخۆشخانەی خومەینی لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە دەستبەسەركران و تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.”
ماوەی هەفتەیەك دەبێت هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایەی شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان،هەڵمەتی ڕەشبگیرییان لە شارەكانی كوردستان دەستپێكردووە و بە دەییان هاونیشتمانی خراونەتە زیندانەكانەوە .

































































