زاری کرمانجی :
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی خزمەت و قوربانییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە پاراستنی سەروەریی وڵاتدا.
لە بەیاننامەیەکدا بەم بۆنەیەوە، ئەمەریکا ڕایگەیاند: ” ئێمە بە شکۆوە باس لە خزمەت و قوربانییەکانی هێزە ئەمنییەکان دەکەین، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بەرگریكردن لە عێراق و پاراستنی سەروەریی خاکەکەی.”
حکوومەتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە واشنتن بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەو ڕۆڵە گرنگەی هێزە ئەمنییەکان گێڕایان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی مەیدانی بەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا، کە بە هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر بەدەست هات، ئەوەش لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراقدا.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: “پشتیوانی و پابەندیی خۆمان بۆ بەردەوامی کارکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دوپات دەکەینەوە، لەو کاتەی عێراق هەنگاو دەنێت بەرەو بونیادنانی داهاتوویەکی ئارامتر و گەشاوەتر بۆ گەلەکەی.”

































































