بۆ یەکەمجار، پێگەی کوردانی قەزای خورماتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بەهێزتر دەبێت. بەپێی بڕیارێکی فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (تارا جەلال حەمید) کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک نوێنەری کوردانی خورماتوو دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین.
بە دەستبەکاربوونی تارا جەلال، ژمارەی نوێنەرانی کوردانی خورماتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ دوو ئەندام بەرزبووەوە. لە ئێستادا هەریەکە لە (یاسین محەمەد و تارا جەلال) نوێنەرایەتی کوردانی ناوچەکە دەکەن لە ئەنجومەنەکەدا، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی مافی کوردانی ناوچە دابڕاوەکان لەو پارێزگایەدا ئەژمار دەکرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بڕیاری ژمارە (5)ی ئەنجومەنی کۆمیسیاراندا، کە لە ڕێکەوتی 4ی کانوونی دووەمی 2026 دەرچووە، بە فەرمی تارا جەلال حەمید ئەلداودی وەک کاندیدی جێگرەوەی ئەشواق سالم حەسەن ئەلجبوری دەستنیشان کردووە.
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان، تارا جەلال کە لەسەر لیستی هاوپەیمانی (ئەلحەسم ئەلوەتەنی) کاندید بووە و خاوەنی (1415) دەنگە، وەک شایستەترین کاندیدی دواتری لیستەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسییە دیاریکراوە.
ئەنجومەنی کۆمیسیاران فەرمانی بە ئیدارەی هەڵبژاردن کردووە کە بە فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەم گۆڕانکارییە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ناوبراو دەستبەکار بێت. ئەم بڕیارە دوای وردبینییەکی یاسایی ورد لە فەرمانگەی یاسایی و فەرمانگەی ئۆپراسیۆنەکانی کۆمیسیۆن دەرچووە، کە تێیدا مافی یاسایی کوردانی ناوچەکە لە نوێنەرایەتیکردنیان دوپاتکراوەتەوە.
بەم هەنگاوە، پێگەی سیاسی کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین و بە تایبەت لە قەزای خورماتوو، قۆناغێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت و هاوسەنگییەکی باشتر لە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان لە ئەنجومەنی پارێزگادا دێتە ئاراوە.
































































