زاری كرمانجی – سۆران :
شاندێكی باڵای هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكومەتی سووریا كۆبوونەوە، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە “رێككەوتین بەردەوامی بە كۆبوونەوەكان بدەین بۆ گەیشتن بە ئەنجام لەبارەی تێكەڵبوون بە سوپای سوریا.”
شاندەكەی هەسەدە پێكهاتبوون لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، سۆزدار دێرك و سیپان حەمۆ لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی هەسەدە.
سەرلەبەیانی دوێنێ یەكشەممە 4ـی كانوونی دووەمی 2026 ئەو كۆبوونەوەیە لەنێوان سەركردایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و بەرپرسانی حكومەتی دیمەشق ئەنجامدراوە بۆ تاوتوێكردنی یەكخستنی هێزە سەربازییەكان لە چوارچێوەی وتووێژی فەرمیدا.
شاندی حكومەتی سووریاش لە مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆ، حسێن سەلام سەرۆكی دەزگای هەواڵگری پێكهاتبوون.
هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان لە ماوەی داهاتوودا بۆ كۆتایی هێنان بە گفتوگۆكان و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بە شێوەیەكی ستراكتۆری تا گەیشتن بە ئەنجامەكان.
جەنەراڵ كیڤن لامبێرت فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە كۆبوونەوەكەدا بەشداریی كردووە.
ئاژانسی هاوار بڵاویكردووەتەوە، عەمید كیڤن ج لامبرت، فەرماندەی هێزەكانی (ئیرادەی پتەو)ی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا، وەك نێوەندگیر بەشداریی گفتوگۆكانی هەسەدە و دیمەشقە، كە دوينى بەڕێوە چووە، پێشتر، لامبرت بەشداریی چەندین كۆبوونەوەی دیكەی لەگەڵ عەبدی و شەرع كردووە































































