زاری كرمانجی-سۆران
شارەزاكانی بواری کەشناسی زانیاریی نوێی لەبارەی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتوو خستەڕوو، ئاماژە بەوە دەكەن شەپۆڵێكی چڕی بەفر بارین روو لە ناوچەكە دەكات و چەند رۆژ بەردەوام دەبێت.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە” ئەمڕۆ دووشەممە 5/1/2025، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی نیمچە گەرمی مامناوەند کە سەرچاوەکەی لە باکووری ئەفریقاوە هاتووە پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٣ پلەی سیلیزی لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە شەواندا پلەکانی گەرما تاڕادەیەک لە ناوچە دەشتاییەکان نزم دەبێت و هەست بە ساردی و سەرما دەکرێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەر لەژێر سفری سیلیزی دەمێنێتەوە بە تایبەت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان.”
ئەوەشی خستووەتە روو: “پێشبینی دەکرێت لەڕۆژی هەینییەوە 9/1/2025، بەرزە پاڵەپەستۆ پاشەکشە بکات و نزمە پاڵەپەستۆ جێگای بگرێتەوە و شەپۆلێکی دیکەی بەفروباران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات.”
لە لای خۆشیەوە” ئاراس جەبار شارەزای کەشناسێكی دیكەی كوردستانە بڵاویکردووەتەوە” پێشبینی ئەکەین لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو بەدیاریکراوی رۆژی شەمە رێکەوتی ١٠ کانونی دووەم شەپۆلێکی باش و مامناوەندی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاویەکان کاریگەری ئەو شەپۆلە لەئەنجامی پاشماوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی بەهێزی جەمسەری باکورە کە لە رۆژانی داهاتوودا کاریگەری ئەبێت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا بە نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و شەپۆلێکی چری بەفر بارین پاشان لە باشوری ئەوروپاوە بەلاوازی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیە بەرێی دەریای ناوەراستەوە لەگەڵ کاریگەری هاتنی شێەکی کەم لەدەریای سوورەوە ڕوودەکاتەوە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە ، وە لەدوو شەپۆل پێکدێت لە ١٠ تا رێکەوتی ١٤ بەردەوامی ئەبێت” .
ئاشکراشی کرددووە کە لەماوەی هەردوو شەپۆلەکە پێشبینی بارانێکی باش و مامناوەند لەسەرجەم ناوچەکان دەکرێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان رێژەی بەفر و بارانبارین زیاتر ئەبێت و لەناوچە شاخاویە بەرزەکانیش ئەگەری بارینی بەفرێکی زۆر دەبێت.

































































