زاری كرمانجی – سۆران :
ئەمڕۆ جووتیارانی كورد، لەسەر دوو سكاڵای عەرەبە هاوردەكان و سوپای عێراق، دەچنە بەردەم دادگا، یەكەمیان لەلایەن ئەو سەربازەوە تۆمار كراوە كە پەلاماری جووتیارە كوردەكەی داوە و دووەمیشیان لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووكەوە تۆمار كراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی كانوونی دووەمی 2026، محەممەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی كەركووك راگەیاند “ئەمڕۆ لەبارەی دوو دۆسیە دەچینە دادگای دووبز كە تایبەتن بە ڕووداوەكانی ساڵی ڕابردووی گوندی شناغە كە لەلایەن هێزێكی سوپای عێراقەوە پەلامار دراوە.”
دەشڵێت “دوو سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە، یەكەمیان لەلایەن ئەو سەربازەوە تۆمار كراوە كە پەلاماری داوم و دووەمیشیان لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركووكەوە تۆمار كراوە.”
باسی لەوەش كرد، پێدەچێت دادگای دووبز لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا یەكێك لە سكاڵاكان كە لەسەری تۆمار كراوە، یەكلا بكاتەوە و بڕیار بدات.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە رۆژی 17ـی شوباتی 2025، ژمارەیەكی زۆر لە جووتیارانی كورد لە شارەدێی سەرگەڕانی سەربە دووبز، بەنیاز بوون زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بكێڵن، بەڵام لەلایەن سوپای عێراقەوە رێگرییان لێ كرا و پەلاماری چەند جووتیارێكیان دا.

































































