زاری كرمانجی – سۆران :
ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت “دەستپێكێكی ساڵی 2026، سەخت بوو بۆ دونیای نوێ، بۆیە ئەوەی دێت گەورەترە،”
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 4ـى كانوونی دووەمی 2026 لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی “لە شەڕی باشووری یەمەن لەسەر هەژموون و ناڕەزایەتییەكانی ئێرانەوە بگرە، تا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا لە ڤەنزوێلا و گرتنی سەرۆكەكەی لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی خێرای ئەمەریكیدا، هەروەها گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە ئەوەی دێت، گەورەترە.”
زێباری ئاماژەی بەوەش كردووە كە میدیای عەرەبی وەك پێویست گرنگیی بە ڕووداوەكانی ئێران و ڤەنزوێلا نەداوە و دەشڵێت “ڕووداوە دراماتیكییەكانی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕووداوە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ڤەنزوێلا، وەك پێویست لە كەناڵە ئاسمانییە عەرەبییەكاندا گرنگییان پێ نەدرا، بە شێوەیەكی سەرەكی سەرنجیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی باشووری یەمەن لە حەزرەمەوت بوو.”































































