مه‌زڵووم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات “هه‌سه‌ده”، به سه‌رۆكایه‌تیى شاندێك گه‌یشته دیمه‌شق و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكوومه‌تى سووریا كۆ بووه‌ته‌وه، تاوتوێى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى ئادار و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى گرژییه سه‌ربازییه‌كان ده‌كه‌ن.
راگه‌یاندنى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م چوارى كانوونى دووه‌م، مه‌زڵووم عه‌بدى سه‌ردانى دیمهشقى كردووه به یاوه‌ریى سۆزدار دێرك و سیپان حه‌مۆ. پێشتر له 29ى مانگى رابردوو بڕیار بوو عه‌بدى سه‌ردانى دیمه‌شق بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى دیمه‌شق كۆ ببێته‌وه، كه‌چى هه‌سه‌ده راى گه‌یاند به هۆكارى ته‌كنیكى سه‌ردانه‌كه دواخراوه.
بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ، تاوتوێى رێككه‌وتنى ئادار و ئه‌و گرژی و پێكدادانانه بكرێت كه له چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا له نێوان هه‌سه‌ده و هێزه‌كانى دیمه‌شق روویان داوه.
دواى كه‌وتنى رژێمى ئه‌سه‌د له كانوونى یه‌كه‌مى 2024، له مانگى ئادارى 2025 مه‌زڵووم عه‌بدى و ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكى سووریا رێككه‌وتنێكیان كردووه، بۆ رێكخستنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و دروستكردنى هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ سووریا.

































































