مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایدەگەیەنن تا ئێستا 17 هاووڵاتی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەكانی ئەم دوایەی شارەكانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون و زیاتر لە حەفتا هاووڵاتی دیكەش دەستبەسەركراون .
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات كە لە ماوەی هەفتەی یەكەمی ناڕەزایەتییەكاندا ١٧ هاووڵاتی بە دەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون .
لە كۆی ئەو 17 هاووڵاتییەی كە لە شارەكانی مەلەكشاهی، هەرسین، نووراوا، كۆدەشت، ئەزنا، لۆردەگان، فوولادشەهر و مەرودەشتی كرماشان، لوڕستان، فارس، ئیلام، بەختیاری و ئەسفەهان كوژراون 9 كەسیان هاووڵاتیی لۆڕن و 7 یان كورد و یەكێكیان لە كەمینە ئایینییەكانی یارسانە و هەروەها هاووڵاتییەكی فارسیش لە هەمەدان كوژراوە.
هاوكات بە پێی ئەو داتایانەی كە لەلایەن ڕێكخراوەكاتی تایبەت بە مافی مرۆڤ بڵاو كراونەتەوە تا ئێستا 77 هاووڵاتی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستبەسەركراون، لەوانە 45 هاووڵاتیی كورد و 23 لوڕ كە لە نێوانیاندا لانی كەم ٤ ژن و ٦ منداڵ هەن.
ماوەی هەفتەیەكه جارێكی دیكە هاووڵاتییان بە هۆی خراپی بارودۆخی ئابووریی و دابەزینی بەردەوامی دراوی وڵاتەكەیان، لە بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران بە تارانی پایتەختیشەوە ڕژاوەنەتە سەر شەقامەكان و داوای چارەسەری پێویست دەكەن و لە هەندێك لە شارەكانیش گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و لایەنی ئەمنی دروست بوو.
































































