ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری ئاشکرای دەکات، کە خواست لەسەر گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و حکومەتی هەرێمیش بایەخێکی تایبەتی بەم کەرتە داوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەقامگیریی ئەمنی و بوونی پڕۆژە گەشتیارییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، کە لە زاری کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە وەریگرتووە، لە پشووەکانی سەری ساڵدا خواستێکی بێوێنە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان هەبووە. یاسر ئیبراهیم، نوێنەری کۆمپانیایەکی گەشتیاری، دەڵێت: “سێ هۆکاری سەرەکی وەک جوانیی سروشت، سەقامگیریی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزاریی کوالێتی بەرز، وایانکردووە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە هەرێم بکەن.” ئاماژەی بەوەش دا کە بارینی بەفر و ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ئاستی گرتنی هوتێلەکانی گەیاندووەتە لوتکە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تەنیا لە ماوەی جەژنی سەری ساڵدا، زیاتر لە 200,000 گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. سیروان تۆفیق، بەرپرسی بەشی بەبازاڕکردنی گەشتیاری لە هەرێم، ڕایگەیاندووە کە حکومەت پلانێکی 8 ساڵەی (2022-2030) بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە هەیە، تەنیا لە ساڵی 2024دا 28 پڕۆژەی گەشتیاری گەورە بە بودجەی 322 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون.
لای خۆشیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئامارەکانی خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی گەشتیاران لە 3 ملیۆن کەس لە ساڵی 2024ەوە بۆ 3.4 ملیۆن گەشتیار لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە، و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ کۆتایی هاتنی بۆنەکانی سەری ساڵدا، ئەم ژمارەیە 3.5 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەحمەد سەباح، شارەزای ئابووری، ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان ئێستا میحوەرێکی سەرەکیی گەشتیارییە لە عێراقدا. بەپێی لێکدانەوەکانی ئەو، بەوپێیەی خەرجی هەر گەشتیارێک لە نێوان 200 بۆ 500 دۆلاردایە، داهاتی ڕاستەوخۆی ساڵانەی ئەم کەرتە لە نێوان 700 ملیۆن بۆ 1 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەمەش ساڵانە ملیاران دۆلار دەخاتە سەر ئابووریی وڵات.

































































