مەترسییەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕوو لە زیادبوونە.
ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە هەنگاوێکی نوێدا و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و لیژنەی ماددەی ١٤٠، بڕیاریدا ناحیەی قەرەتەپە بۆ قەزا بەرز بکاتەوە و گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکاندا بکات.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگا نیگەرانییەکی زۆری لای هاووڵاتیانی کورد دروست کردووە. عەباس کەریم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەم بڕیارە بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و پەرلەمان و بەبێ پرس بە حکومەتی هەرێم دراوە، لەکاتێکدا دەبوو هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا بێت.”
لای خۆشیانەوە، دانیشتووانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن کە ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییانە تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نین، بەڵکو بەشێکن لە پرۆسەی تەعریب و هەوڵێکە بۆ شەرعییەت دان بە داگیرکردنی زەوییەکان و گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکە.


































































