بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز پایتەختی ڤەنزوێلای هەژاند و میدیاکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە جەنگییەکان ژمارەیەک بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانەیان کردووەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتژمێر 2:00ـەوە بە کاتی ناوخۆ، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز و فڕینی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا بیستراوە و تا کاتژمێر 6:15ـی بەیانی بەردەوام بووە.
میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەی 8 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر جەرگەی پایتەخت و ناوچەی (نیگۆرۆتی)ـی کەناراوەکان، کە تێیدا چەندین بنکەی گرنگ کراونەتە ئامانج، لەوانە: کۆمەڵگەی سەربازیی “فۆرتێ تونا”، سەربازگەی “لا کارلۆتا” و فڕۆکەخانەی “ئیگیرۆتی”.
هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە، بەهۆی هێرشەکانەوە کارەبای ناوچەکانی باشووری پایتەخت لە نزیک بنکەیەکی سەرەکیی سەربازی پچڕاوە و فڕۆکە جەنگییەکان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە ناوچەی دەریای کاریبی گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ڤەنزوێلا کردبوو.
































































