سات بە سات دۆخی ئیران ئاڵۆزتر دەبێت
ئەمڕۆ هەینی 2-1-2026، خۆپیشناندان و نارە زایەتییەكان دژی دۆخی خراپی ئابووری و كوشتن و بریندار بوون و دەستگیر كردنی دەیان هاووڵاتیی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئیران پێی نایە رۆژی شەشەم و ژمارەی كوژراوان روو لە هەڵكشانە و دەستەڵاتدارانی ئیرانیش هەڕەشە دەكەن، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا بێ دەنگی شكاند و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ڕاستی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی گەلی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە: “ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە كاردانەوەی تووندوتیژی هەبێت و تەقە لە خۆپیشاندەران بکات و خەڵك بکوژێت، وەک داب و نەریتی ئەوان، ئەمریکا هەنگاو دەنێت بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێران. ئێمە ئامادەین و ئامادەین بۆ ئەو کارە”.
ئەمە یەکەمجارە سەرۆکێکی ئەمریکا بە ڕاشکاوی ڕابگەیەنێت کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات
لە بەرامبەریشدا، عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانی ئێران وەڵامی توندی سەرۆكی ئەمریكای دایەوە ڕایگەیاند “پێویستە ترەمپ بزانێت دەستوەردانی ئەمریکا لەم پرسە ناوخۆییەدا یەکسانە بە تێکچوونی دۆخی تەواوی ناوچەکە و لەناوبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە هەڵوێستی بەرپرسانی ئیسرائیل و ترەمپ، پاشخانی ڕووداوەکە ڕوون بووەوە، ئێمە هەڵویستی کاسبکارانی ناڕازی لە کەسانی تێکدەر جیا دەکەینەوە”.
بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان تا ئێستا، چوار کەس لە لوڕستان، لە شاری لۆردگانی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو کەس، لە فولادشەهری ئیسفەهان کەسێک، لە شاری فەسای پارێزگای فارس کەسێک، کوژراون، بەڵام تا ئێستا ئاماری فەرمی ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لەبەر دەستدا نییە.
لە ڕۆژی یەک شەممە، 28-12-2025، بە هۆی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن، مانگرتن و خۆپیشاندانی کاسبکاران لە تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بەشێک لە توێژەکانی دیکەی لە پارێزگاکانی تر گرتەوە و تا ئێستا بەردەوامە.






























































