مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پێی ڕاگەیاندراوێكی یەكێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان، 128 ڕۆژنامەوان لە ساڵی 2025 كوژراون كە زۆرینەیان لە كەرتی غەززە بوونە .
یەكێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماری قوربانیانی ڕۆژنامەوانانی لە جیهاندا بڵاوكردەوە و ڕووداوەكانی ساڵی ڕابردووی دەرهەق بە ڕۆژنامەوان بە زەنگێكی مەترسیدار بۆ سەر پیشەی ڕۆژنامەوانی لە جیهاندا ناوبرد.
ئەنتۆنی بیلانجی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان، ڕایدەگەیەنێت “ژمارەی ڕۆژنامەوانە كوژراوەكان لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 128 ڕۆژنامەوان، كە نیوەی زیاتری ئەو ژمارەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كوژراون بە تایبەت لە كەرتی غەززە،”
بیلانجی نیگەرانی خۆشی نیشاندا كە بكوژانی ڕۆژنامەوانان سزا نادرێن و ڕووبەڕووی دادگا ناكرێنەوە و ئاشكراشی دەكات “لە هەموو جیهان، 533 ڕۆژنامەوان لە كونجی زیندانەكاندان كە زیاتر لە چارەكیان لە چین و هۆنگ كۆنگ بەندن.”































































