زاری کرمانجی :
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمت کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:” 2025 ساڵی چەندین دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو ، لە هەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو .
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت :
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2026، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان دەکەم و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم .
ساڵی ڕابردوو ، ساڵی چەندین دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو ، لە هەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو .
بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆراگریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو ، توانیمان چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراجۆرەکاندا ، بە تایبەتیش دابینکردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگە و بان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکیی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.
هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا ، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە.
پێویستە چیتر بەرژەوەندی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی هیچ لایەنێک.
هەروەها ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوبەشیی و هاوسەنگیی و سازان پێکبهێنرێت.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/31
































































