ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند ” بۆ هەبوونی عێراقێکی فیدراڵی ڕاستەقینە، دەبێت بنەماکانی دەستوور و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن.
ئامینە زکری لە لێدوانێكیدا ئاماژە بەوە كرد، حیکمەتی سەرۆک بارزانی و پێداگری لەسەر بنەماکانی(هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) هۆکاری سەرەکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بوون لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی کە دەیانویست لە عورفی سیاسی لابدەن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی، پێیوایە ” ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ڕوویداوە، جۆرێک بووە لە دەرچوون لەو عورفە سیاسییەی کە وڵاتەکەی لەسەر بنیاتنراوە، بۆیە پارتی دەیەوێت لاپەڕەیەکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکاتەوە کە تێیدا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو بابەتەکانەوە بێت”.
ئامینە زکری لە بارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراقیش ڕوونی کردەوە” هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونە و ئەم پۆستە وەک پشکی پێکهاتەی کورد دەبینن نەک لایەنێکی دیاریکراو” بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک بارزانی سێ بژاردەی وەک ڕێگەچارە خستووەتە ڕوو، یەکەمیان گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان، دووەمیان یەکلاییکردنەوەی پرسەکە لە نێو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، یان بژاردەی سێیەم کە گەڕانەوەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان تا بڕیار لەسەر کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە بدات”.
ناوبراو جەختی لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كردەوە و گووتی ” ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەم قۆناغەدا یەکلاکەرەوە بووە و توانیویەتی بە بڕیاری حەکیمانە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزێت، چونکە بەبێ جێبەجێکردنی بنەماکانی فیدراڵی و دەستوور، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق ناتوانێت بە دروستی بەردەوام بێت”.






























































