ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا سەبارەت بە ئاڵۆزبوونی دۆخی وڵات هۆشداریی داوە و جەختی کردووەتەوە پشتگوێخستنی داواکارییەکان و پەنابردن بۆ بژاردەی ئەمنی، ئاسۆی چارەسەری سیاسی لێڵ دەکات.
ئەنەکەسە داوای دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیدی دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی و فیدراڵی کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
ڕۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو دۆخە هەستیارەی سووریا پیایدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا.
ئەنجومەنەکە نیگەرانیی خۆی نیشان داوە بەرامبەر مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان و جەختی کردەوە کە هاوڵاتییان چاوەڕوانی بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و دادپەروەرن.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە جووڵانەوە جەماوەرییەکانی ناوچە کەناراوەکانی سووریا کراوە، کە تێیدا هاوڵاتییان داوای دەوڵەتی فیدراڵی و گەڕانەوەی فەرمانبەرە دەرکراوەکان دەکەن. ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ڕەخنەی لە شێوازی وڵامدانەوەی لایەنە ئەمنییەکان گرت و ڕایگەیاند: “باشتر وا بوو بە گیانی گفتوگۆ و بەرپرسیارێتییەوە وڵامی ئەم داواکارییانە بدرایەتەوە، نەک پەنا بۆ توندوتیژی و گرژی ببرێت.”
ئەنەکەسە نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی شاری حەلەب ، بەتایبەت پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەردەوامیی گەمارۆدانیان دەربڕیوە. هەروەها ئاماژەی بە ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیداش کرد کە بوونە هۆی گرژیی زیاتر.
سەبارەت بە دۆزی کورد، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی دەربڕی. لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە کە ڕێگە لەبەردەم شاندی کوردیی هاوبەش نەکراوەتەوە بۆ گفتوگۆیەکی جیدی لەسەر دۆزی کورد.
ئەنجومەنەکە ڕەخنەی لە تێکەڵکردنی دۆسیەی سیاسی و ڕێککەوتنە ئەمنییەکان گرت، بەتایبەت “ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار” لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی دیمەشق و داوای کرد کە ڕێڕەوی سیاسی بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیانە جیا بکرێتەوە لە لێکتێگەیشتنە سەربازییەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکدا، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دووپاتی کردەوە کە چارەسەری دۆخی سووریا تەنیا لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسیی نیشتمانیی گشتگیرەوە دەبێت. ئەوان داوای دانپێدانانی دەستووری بە فرەنەتەوەیی و فرەئایینی سووریا دەکەن و جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی سیستەمی نامەرکەزی دەکەنەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ مافی هەموو پێکهاتەکان و ڕێگری لە گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت.
ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند: “تەمای ئەمڕۆی سوورییەکان بونیادنانی دەوڵەتێکی شارستانیی دیموکراتییە کە ئازادی و کەرامەت بۆ هەمووان دابین بکات.”
































































