بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و سەرهەڵدانی قەیرانی وزە، گرووپی کاری بەڕێوەبردنی وزەی پارێزگای تاران و بەرپرسانی 10 پارێزگای دیکەی ئێران، بڕیاریان دا ڕۆژی چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەم (10ی بەفرانبار) بکەنە پشووی فەرمی. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچووە کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە بازاڕەکانی تاران و چەند شارێکی دیکە سەری هەڵداوە.
بەپێی بڕیارەکە، لە پارێزگای تاران تەواوی فەرمانگەکان، دامەزراوە حکومییەکان، ناوەندە بازرگانییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، بانکەکان و شارەوانییەکان دادەخرێن. هاوکات، پارێزگاکانی ئەلبورز، خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باکوور، قوم، سنە، کرماشان، لوڕستان، مەرکەزی، هەمەدان و یەزدیش بۆ هەمان مەبەست پشووی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵی “ئیسنا” لە ڕاپۆرتێکدا ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم پشووە ناوەندە هەستیار و خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە؛ بەم پێیە ناوەندە تەندروستییەکان، بەشەکانی فریاگوزاری، هێزەکانی پۆلیس و لقی ئێشکگری بانکەکان لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن. هەروەها جەخت کراوەتەوە پشووی زانکۆکان کاریگەریی لەسەر خشتەی تاقیکردنەوەکان نابێت و تەواوی تاقیکردنەوەکانی زانکۆ بەپێی پلانی پێشتر دیاریکراو بەڕێوە دەچن.
گرووپی کاری بەڕێوەبردنی وزە لە تاران هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ “دابینکردنی بەردەوامیی وزە” گەڕاندووەتەوە و نیگەرانیی خۆی لە دابینکردنی کارەبا و گاز لەم ڕۆژە ساردانەدا دەربڕیوە. بەرپرسانی حکومی داوایان لە هاوڵاتییان کردووە دەست بە گاز و کارەباوە بگرن و “پاشەکەوتکردن” بکەنە ئەولەویەت. حکومەت بەردەوام بەرزبوونەوەی بەکاربردن لەلایەن خەڵکەوە بە هۆکاری قەیرانەکە دەزانێت، لە کاتێکدا پسپۆڕان و شارەزایانی وزە ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکی، کۆنیی ژێرخانەکان و بەفیڕۆچوونی وزەیە لە کەرتی پیشەسازیدا.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم پشووە لە کاتێکدا ڕاگەیەندراوە کە دۆخی ناوخۆیی ئێران ئاڵۆزیی تێ کەوتووە. لە ڕۆژی یەکشەممەوە دووکاندارانی بازاڕی تاران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراو و زێڕ دەستیان بە مانگرتن کردووە. مانگرتنێک کە ڕۆژی دووشەممە فراوانتر بوو و خۆپیشاندانی سەر شەقامی لە تاران، کەرەج، هەمەدان، زنجان و چەندین شاری دیکەی لێ کەوتەوە.































































