دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا بەڵام هێشتا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلای نەکراوەتەوە کە لە پشکی کوردە.
دوێنێ دوو شەممە، ٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم بەڕیوەچوو” لە دانیشتنەكەدا پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەكلایی كرایەوە و هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا بە ٢٠٨ دەنگ، هەروەها عەدنان فەیحان توانی ١٧٧ دەنگ بە دەست بهێنێت و ببێتە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بەڵام پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی کوردە یەکلای نەکرایەوە.
بۆ ئەو پۆستە هەر یەک لە د. شاخوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی و ڕێبوار کەریم پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست کاندید بوون، بەڵام بە هۆی نەهێنانی دەنگی پێویست نەتواندرا بە دوو گەڕی دەنگدان ئەم پۆستە یەكلایی بكرێتەوە” بۆ ئەوەی هەر یەک لەو دوو کاندیدە سەرکەوتووبن دەبێت ١٦٥ دەنگ یان زیاتریان هەبێت، هەر بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان ئەنجام بدرێت.
































































