م. ئومێد لاوكــــــە
مامۆستای كارامە : تەنها كەسێك نییە كە زانیاری دەگوازێتەوە، بەڵكو هونەرمەندێكە كە كەسایەتی و داهاتووی نەوەیەك بنیات دەنێت. چەندین خەسڵەتی گرنگ مامۆستای سەركەوتوو لەوانی تر جیادەكەنەوە، كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین :
١- ئامادەكاری: یەكەم هەنگاوی مامۆستایەكی سەركەوتوو، ئامادەكارییەكی ورد و پێشوەختەیە، ئەمە نەك تەنها ئامادەكردنی وانەكە، بەڵكو ناسینی ئاست و پێداویستی فێرخوازانە و دیاریكردنی ئامانجی ڕوون بۆ هەر وانەیەك دەگرێتەوە. مامۆستای ئامادەكار دەتوانێت بە دڵنیاییەوە وانەكەی پێشكەش بكات و كات بە شێوەیەكی كاریگەر بەڕێوەببات.
٢- ڕێگای جیاواز: جیهانی فێرخوازان پڕە لە جیاوازی مامۆستای كارامە درك بەم ڕاستییە دەكات و پشت بە یەك ڕێگا نابەستێت بۆ فێركردن، بەڵكو كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر بەكاردەهێنێت، وەك گفتوگۆی كراوە، كاری گرووپی، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و چالاكی كرداری، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە كە پەیامەكەی بە هەموو فێرخوازان دەگات
٣- پەیوەندیی چالاك: دروستكردنی پردێكی پەیوەندی پتەو لەگەڵ فێرخوازن كلیلێكی سەرەكیی فێربوونە. مامۆستای سەركەوتوو تەنها قسەكەر نییە، بەڵكو گوێگرێكی چاكیشە ژینگەیەكی ئارام و پڕ لە متمانە دەڕەخسێنێت كە فێرخوازان بتوانن بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و پرسیار بكەن، ئەمەش وادەكات هەست بە بوونی خۆیان بكەن و زیاتر بەشداری لە وانەكەدا بكەن .
٤- پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن: پرۆسەی فێركردن بەبێ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن تەواو نابێت. مامۆستای لێهاتوو بە شێوەیەكی بەردەوام ئاستی تێگەیشتنی فێرخوازان هەڵدەسەنگێنێت، چ بە پرسیاری كراوە و داخراو بێت یان بە تاقیكردنەوەی كورت. ئەم هەڵسەنگاندنە یارمەتی دەدات تا بزانێت كام بەشی وانەكە پێویستی بە دووبارەكردنەوە هەیە و چۆن دەتوانێت شێوازی وانەوتنەوەی خۆی باشتر بكات بۆ ئەوەی كاریگەری زیاتری هەبێت

































































