ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشدارییەکی توند و بەپەلە لەبارەی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە “مێرس” (MERS-CoV) دەدات، دوای ئەوەی فەرەنسا یەکەمین دوو حاڵەتی تووشبوونی لە دوای زیاتر لە دە ساڵ تۆمار کرد.

بەپێی زانیارییەكانی ئەم هەواڵە كە ماڵپەڕی (باسنیۆز)بڵاوی كردۆتەوە، ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە جیهان هێشتا بەدەست لێکەوتەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەناڵێنێت، تۆمارکردنی ١٩ حاڵەتی نوێ و ٤ گیانلەدەستدان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ لە سعوودیە و فەرەنسا، ترسی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی نەخۆشییە گوازراوەکانی دروست کردووە.
ڤایرۆسی “مێرس” کە بە “کۆرۆنای وشتر”یش دەناسرێت، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست دەکات، چونکە ڕێژەی گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە نزیکەی ٣٧٪ و تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێکی فەرمی بۆ بنبڕکردنی نییە. نیشانەکانی بریتین لە تای توند، کۆکە، تەنگەنەفەسی و گرفت لە کۆئەندامی هەرەس. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات کە بەهۆی لێکچوونی نیشانەکانی لەگەڵ هەڵامەتی ئاسایی، ئەگەری هەیە دەستنیشانکردنی تووشبووان دوابکەوێت، ئەمەش ڕێگە بۆ گواستنەوەی بێدەنگی ڤایرۆسەکە خۆش دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم مەترسییە، زانایان لە بەرازیل جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە شەمشەمەکوێرەدا دۆزیوەتەوە کە هاوشێوەی مێرسە، ئەمەش وایکردووە هێزە تەندروستییەکان لە سەرتاسەری جیهان بکەونە حاڵەتی ئامادەباشی. تەندروستی جیهانی ڕێنمایی هاووڵاتییان دەکات، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لە وشتر و بەرهەمە شیرەمەنییە خاوەکان (نەکوڵاو) دووربکەونەوە و لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی گوماناوی، دەستبەجێ سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن.

































































