مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوێنێ لەكاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی، تەقینەوەیەكی خوێناوی لە مزگەوتی (ئیمام عەلی بن ئەبی تاڵیب) ی عەلەوییەكانی لە گەڕەكی وادی زەهاب لە شاری حمس ڕوویدا و نزیكەی 30 كەس بوونە قوربانی، ئێوارەی هەمان ڕۆژ گرووپی چەكداری سەرایا ئەنسار سوننە بەرپرسیارێتی خۆی لەو كردەوەیە ڕاگەیاند .
ڕۆژی هەینی، 26ـى 12ـى 2025، تەقینەوەیەك لە نێو مزگەوتی ئیمام عەلی ڕوویدا و و وەزارەتی تەندروستیی سووریا ڕایگەیاند “لەم تەقینەوەیەدا هەشت كەس كە سێیان منداڵن گیانیان لەدەستداوە و 20 دیكەش بریندارن.”
ئێوارەی هەمان ڕۆژ (سەرایا ئەنسار سوننە) بەرپرسیارێتی تەقینەوەكەی لە ئەستۆ گرت .
ماڵپەڕی فۆكس پرێس بڵاوی كردەوە “توركیا لە پاڵ سەرهەڵدانەوەی سەرایا ئەنسار سوننە بووە و هەواڵگریی دەستەی تەحریر شام-ی ئەحمەد شەرعیش هاوكارێكی گەورە بووە بۆ دروستبوونی ئەو گرووپە، چونكە پێشتر ئەنسار سوننە لە عێراق و سووریا چالاك بووە و چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام داوە.”
هاوكات ڕاپۆرتەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو گرووپە لە ئێستا نزیكەی چوار هەزار چەكداری هەیە و بڕیار وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا ببنە بەشێك لە سوپای ئەو وڵاتە .































































