شههلا سۆفى- زارى كرمانجى:
دوو هەفتە لەمەوبەر شوێنەوارناسان لە میسر تابوتێکی گەورەی بەردییان لە شاری ئەسکەندەریە دۆزیەوە کە ماوەی دوو هەزار ساڵە دەستی لێنەدرابوو.
دۆزینەوەی تابوتەکە دەنگۆی زۆری لێکەوتەوە کە لەوانەیە مۆمیای ئەسکەندەری مەکدۆنی بێت, بەڵام شارەزایان تابوتەکەیان کردۆتەوە و دەڵێن تەرمی پاشای مەقدۆنیا نییە,لەبری ئەسکەندەر سێ ئێسکەپەیکەریان دۆزیەوە کە لە ئاوی ئاوەڕۆی قاوەیی لەناو تابوتەکەدا نوقم بوون و بۆنێکی بەرگە نەگیراویان لێدەهات.
هەرچەندە ئەم سێ کەسە لە بنەماڵەی شاهانە نەبوون، بەڵام پێدەچێت مێژووەکەیان بۆ سەردەمی فیرعەونەکان بگەڕێتەوە و پێدەچێت ئەفسەری سوپا بوون.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەلوەتانی میسری، وەزارەتی شوێنهوارهكانى میسر ئەرکی کردنەوەی تابوتەکەی بە لێژنەیەک لە شوێنەوارناسان دابوو، کە لە کاتی دروستکردندا لە گەڕەکێکی ئەسکەندەریە دۆزرایەوە.
مستەفا وەزیری ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای شوێنهوارهكانى میسر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: تەرمی سێ کەسمان دۆزییەوە کە پێدەچێت لەناو تابوتی خێزانێکدا بەخاک سپێردرابن. “بەداخەوە مۆمیاکان لە باشترین بارودۆخدا نین و تەنها ئێسکەکانیان ماونەتەوە”.
لە وەڵامی نیگەرانییەکانیدا کە ڕەنگە تابوتەکە لەلایەن فیرعەونەکانەوە نەفرەت لێ بکرێت، وتی “تابووتەکەمان کردەوە و سوپاس بۆ خوا جیهان کۆتایی نەهات. من یەکەم کەس بووم سەرم خستە ناو تابوتەکەوە، ئێستاش لێرە لەبەردەمتان وەستاوم… هیچ ڕووی نەدا” بەڵام دەسەڵاتداران بەهۆی نیگەرانی لە ئەگەری دەردانی گازی ژەهراوی، خەڵکیان لە شوێنی تابوتەکە دوور خستووەتەوە.
کەلەسەری یەکێک لە تەرمەکانی ناو تابوتەکە درزێکی هەیە کە پێدەچێت برینێکی ڕم یان تیر بێت.
تابوتە بەردییەکەی سێ مەتری کێشی ٢٧ تەنە و ڕەنگە مێژووەکەی بۆ سەردەمی بەتلیمۆس بگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٣٢٣ پێش زایین دەستی پێکردووە، تەنها دوای مردنی ئەسکەندەر.

































































