ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێدا هەموو ئەو بابەتانەی کە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە ماونەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و بە شێوەیەکی ئەرێنی کۆتاییان پێدەهێنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، لە لێدوانێکی ڕۆژانامەوانیدا ڕایگەیاند: “لەبارەی ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کاری زۆر باش ئەنجامدراوە، بەتایبەتی لە نووسینەوەی ستراتیژیەت و دیدگای حووکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە هەندێک وردەکاریین کە هیواخوازبووین پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییان پێبێت، بەڵام بەداخەوە بەبێ هیچ هۆکارێک نەتوانرا یەکلایی بکرێنەوە.”
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: “ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە. پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەموومان یەکدەنگ بین بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بیپارێزین و هاوکات هەوڵی بەدەستهێنانی مافی زیاتر بدەین لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا.”

































































