مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوو فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازی ئەمریكا، ئهمرِۆ چوارشهممه 24ـى 12ـى 2025 لە بنكەی خەراب ئەلجیر لە سنووری ڕمێلان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی حەسەكە نیشتنەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بڵاوی كردەوە كە ئەو دوو فڕۆكەیە چەك و تەقەمەنی قورسیان پێ بووە، جگە لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەكهاوێژ.
ئاماژەی بەوەشكردووە “یەكێك لەو دوو فڕۆكەیە لە بنكەكەوە بەرەو بنكەی قەسرەك بەرەو باكووری خۆرئاوای حەسەكە هەڵفڕیوە، ئەمەش لە چوارچێوەی جموجۆڵە سەربازییە بەردەوامەكانی ئەمەریكایە لە ناوچەكە.”
گەیاندنی ئەو هاوكارییە لە لایەن ئەمەریكاوە بۆ سنووری ڕۆژئاوای كوردستان، لە كاتێكدایە كە مەترسی دەستپێكردنەوەی شەڕی نێوان هەسەدە و چەكدارانی سەر بە توركیا و سووریا زیاتر دەبێت و جموجۆڵ و چالاكییەكانی داعشیش زیاتر بوونە .

































































