وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئەژین غەفار
ماڵپەڕی کلینیکی ئانا لە لاپەڕەی تەندروستی خۆی هۆشداری دەداتە دایکان و دەڵێت: کەمجووڵەیی زیانی گەورە بە تەندروستی منداڵان دەگەیەنێت. دەشڵێت: لە زۆربەی ئەو منداڵانەی کە ماوە درێژ بە سەیرکردنی تەلەفزیۆن، یاری بە مۆبایلەکانیان یان چالاکی دانیشتن بەسەردەبەن وردە وردە لە یاری جەستەیی و جوڵەی سروشتی منداڵی دوور دەکەونەوە. ئەم کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی تەنها کاریگەری لەسەر گەشەی جەستەیی نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی، تەرکیز و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش هەیە.
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، کەمجووڵەی لە منداڵاندا تەنها کەمبوونەوەی جوڵەی جەستە نییە. بەڵکو ئەمە فاکتەرێکە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی منداڵ هەبێت. کاتێک منداڵێک چەند کاتژمێرێکی درێژ بەبێ چالاکی بەسەر دەبات، لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا تووشی بێزاری و ماندووبوون ببێت و لە درێژخایەندا ڕووبەڕووی کێشەی جەستەیی و دەروونی ببێتەوە.
ماڵپەی ئانا کلینیک زیانەکانی کەمجووڵەیی لە منداڵاندا بەم شێوەیەی خوارەوە خستووەتەڕوو:
١.زیادبوونی کێشی منداڵ و قەڵەوی
کەمی چالاکی جەستەیی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی کێش لە منداڵاندا. کاتێک منداڵ جووڵەی پێویستی نییە، کالۆری ناسووتێنرێت و وەک چەوری لە لەشدا کۆدەبێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی قەڵەوی، ماندووبوونی زوو، کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون و تەنانەت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و دڵ.
٢. لاوازی ماسولکە و ئێسقان
منداڵان پێویستیان بە چالاکی جەستەیی هەیە بۆ گەشەکردنی گونجاوی ماسولکە و ئێسک. کەمیی چالاکی دەبێتە هۆی لاوازکردنی ماسولکەکان، کەمکردنەوەی خۆڕاگری جەستەیی و لاوازی هەماهەنگیی. هەروەها ئەگەری زیادبوونی کێشەی ئێسکە پەیکەر هەیە وەک تەختی قاچ یان شانی ئەم منداڵانە، چونکە جەستەیان وەرزشی پێویست ناکات بۆ بەهێز کردن.
٣. گەشە و ناڕێکی میتابولیک
چالاکی جەستەیی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ڕێکخستنی میتابۆلیزم و گەشەی ئاسایی منداڵان. کەمی جوڵە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی ئارەزوو و کەمبوونەوەی وزەی لەش و تەنانەت خاوکردنەوەی گەشەی باڵا و کێش. سەرەڕای ئەوەش، ناچالاکی دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆنەکانی گەشە و توڕەیی و تەمبەڵی جەستەیی.
٤. کێشەی هەناسەدان و دڵ
ئەو منداڵانەی کە کەمتر چالاکن توانای هەناسەدان و هێزی دڵیان لاوازترە بە بەراورد بە هاوتەمەنە چالاکەکانیان. بەزۆری لە کاتی یاری کردن یان چالاکییدا بە خێرایی ماندوو دەبن و لەوانەیە هەست بە لێدانی دڵ یان هەناسە تەنگی بکەن. لە درێژخایەندا سیستەمی دڵیان کز و لاواز دەبێت.
































































