زاری كرمانجی – سۆران :
هادی عامری و شاندی دانوستانكاری پارتی جەختیان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە زووترین كاتدا كردەوە. عامری دەڵێت “هیوایەكی زۆرمان هەیە 29ـی ئەم مانگە سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن.”
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی كانوونی یەكەمی 2025، شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا كۆبووەوە.
ئامانجی سەردانەكەی شاندی پارتی :
هادی عامری دوای كۆبوونەوەكە كە نزیكەی كاتژمێرێكی خایاند؛ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “بەڕێزان لە پارتی شاندێكیان پێكهێناوە بۆ سەردانی بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن، نەك تەنیا لەسەر پێكهێنانی حكوومەت، بەڵكوو بۆ چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق. شاندەكە بە سەرۆكایەتیی برای بەڕێزم فازڵ میرانی بوو و سەردانی هەموو لایەنە شیعەكانیان كردووە، ئەمڕۆش سەردانی ئێمەیان كرد.”
لەبارەی ناوەڕۆكی دیدارەكەیان، عامری ئاماژەی بەوە دا “گفتوگۆكانمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق بوو. یەكێك لە گرنگترین بابەتەكان، پەلەكردن بوو لە پێكهێنانی حكوومەتێكی توانا كە بتوانێت كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات.”
دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران :
لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دووپاتی كردەوە “كاندیدی سەرۆك وەزیران بابەتێكی تایبەتە بە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئینشائەڵڵا دەگەینە ڕێگەچارەیەك.”
سیمای حكوومەتی داهاتووی عێراق :
عامری جەختی كردەوە، پێویستە سیمای حكوومەتی داهاتووی عێراق بە شێوەیەك بێت “هەمووان تێیدا بەشداربن و هەمووان بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆ بگرن. نابێت حكوومەتی ئیمتیازات بێت، بەڵكو حكوومەتی بەرپرسیارێتییە و هەمووان بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرن بۆ سەركەوتنی ئەم حكوومەتە. سەركەوتنی ئەم حكوومەتە، سەركەوتنە بۆ عێراق و بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق، بە عەرەب و كورد و سوننە و شیعە و كەمینەكانییەوە.”
لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت لە وادەی دەستووری خۆیدا، ناوبراو جەختی كردەوە “هیچ بژاردەیەكمان نییە جگە لەوەی فشار لە بكەین و ڕێز لە وادە دەستوورییەكان بگرین و پابەند بین پێیانەوە كە دەستوور دیاری كردوون.”
هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی :
لەبارەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ڕوونیكردەوە “دادگای فیدراڵی پێشتر دانیشتنی كراوەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئیتر دانیشتنی كراوە و بەردەوام بوونی نییە. دانیشتنێك دەبێت و دەبێت یەكلایی بكرێتەوە.”
عامری گوتی “ئێمە هیوایەكی گەورە و متمانەیەكی زۆرمان بە هەموو برایان هەیە كە سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی لە ڕۆژی ٢٩ی مانگدا یەكلایی بكرێنەوە. دوای ئەوەش بابەتی دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی دێتە پێشەوە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كاندیدی گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕادەسپێردرێت.”































































