زاری كرمانجی – سۆران :
بهرهبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی كانوونی یەكەمی 2025، كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا دەستیپێكرد.
تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقە.
شاندەكەی پارتی كە لە ئێوارەی دووشەممەوە، 22ـی كانوونی یەكەمی 2025ـەوە گەیشتووەتە بەغدا، پشكی كورد لە حكوومەتی داهاتووی عێراق و ئیستحقاقی پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێ دەكات.
شاندی پارتی تا ئێستا لەگەڵ هەر یەكە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپیدان؛ نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی؛ موسەننا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و چەندان بەرپرس و سەركردەی سیاسیی سوننە و شیعە كۆبووەتەوە.
شاندی پارتی پێكدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا.
سەردانی ئەم شاندەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا لە كاتێكدایە، هەوڵ و دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 11ـی تشرینی دووەم، لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت هێزە براوەكان، جووڵەیان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان دەستپێكردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی یەكەمی براوەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، جەخت لەسەر بنەماكانی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان دەكاتەوە. چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆكانی ئەم شاندە لە بەغدا، كاریگەریی بەرچاوی لەسەر دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و یەكلاییكردنەوەی پشك و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت.


































































