
كامەران ئیبراهیم شێروانی
ڕووداوی لافاو و تەرزەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سنوری چەمچەماڵ، هەرچەندە لە ڕووی گیانی و دەرونی و ماددیەوە برینێكی قوڵی لە جەستەی چەمچەماڵ و ناوچەكە و كوردستان و كەرتی ئابووری، بازاڕ و موڵك و ماڵی هاوڵاتیان دروستكرد، بەڵام لە پشت پەردەی ئەم كارەساتەوە و لەنێو ئەو هەڵمەتە فراوانەی هاوكارییەكاندا، دەرفەتێكی ئابووریی دەگمەن خۆی حەشارداوە كە ئەگەر بە عەقڵیەتێكی دارایی مۆدێرن و ستراتیژییەكی ورد مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، دەتوانێت چارەنووسی ئابووریی ناوچەكە لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت. ئەو شەپۆلە مرۆییە گەورەیەی كە ئێستا ڕووی لە شارەكە كردووە و ئەو پارە زۆرەی لە شارەكانی دیكەی كوردستانەوە دەڕژێتە ناو چەمچەماڵ، لە زمانی ژمارە و ئابووریدا تەنها بریتی نییە لە سۆز و بەزەیی، بەڵكو بریتییە لە پرۆسەیەكی گەورەی تێكردنی سیولەی نەختینە بۆ ناو بازاڕێك كە پێشتر بەدەست سستی و بێكارییەوە دەیناڵاند. هونەری بەڕێوەبردن و سەركردایەتیكردنی قەیران لێرەدا دەردەكەوێت، كاتێك دەتوانین ئەم پارە بەخشراوە لە دۆخی هاوكاری و بەخشینەوە بگۆڕین بۆ سەرمایەی وەبەرهێنان و چەرخی وەستاوی ئابووریی شارەكەی پێ بخەینەوە گەڕ.
بنیاتنانەوەی چەمچەماڵێكی نوێ و بەهێز لەسەر داروپەردووی لافاوەكە، سەرەتا بە گۆڕینی دیدگا بۆ چەمكی پارە دەستپێدەكات. كاتێك سەدان كەمپین و هەزاران خێرخواز بە شێوەی پەرتبوو پارە دەنێرن، مەترسی ئەوە هەیە ئەو سەرمایە گەورەیە تووشی بەهەدەردانی تەكنیكی ببێت. بەڵام ئەگەر ئەم داهاتە زۆرە لە چوارچێوەی سندوقێكی نیشتمانیی تایبەت بە چەمچەماڵ كۆبكرێتەوە و یەك ئیدارەی دارایی ژیرانە سەرپەرشتی بكات، ئەوكات دەسەڵاتی دانوستان لە بازاڕدا دروست دەبێت و لیژنەی باڵا دەتوانێت وەك كڕیارێكی زەبەلاح كۆنترۆڵی نرخ بكات و باشترین كەرەستە و پێداویستی بە كەمترین تێچوو دابین بكات. ئەم هەنگاوە وادەكات هەر دینارێك بەهای ڕاستەقینەی خۆی بپارێزێت و كاریگەرییەكەی لەسەر زەوی و لە نێو هاوڵاتیان دوو هێندە زیاد بكات.
لەلایەكی دیكەوە، گرنگترین ستراتیژی بۆ ئەوەی چەمچەماڵ لەم كارەساتەدا قازانجی درێژخایەن بكات، بریتییە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی سوڕانەوەی دراو لە بازاڕی ناوخۆدا. نابێت ڕێگە بدرێت ئەو سەرمایە زەبەلاحەی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەموو كونجێكی ئەم هەرێمە هاتووە، وەك میوانێكی كاتی تەنها چەند كاتژمێرێك لە شارەكە بمێنێتەوە و دواتر بۆ كڕینی كاڵا بچێتەوە دەرەوەی شارەكە. دەبێت پلانەكە بەجۆرێك بێت كە هەموو دینارێك لە ناوخۆی چەمچەماڵدا خەرج بكرێت؛ هەموو كەرەستەیەكی بیناسازی، خۆراك، شوشە، بلۆك یان هەر پێداویستییەكی تر دەبێت تەنها لە كاسبكار و بازرگان و دەستڕەنگینەكانی چەمچەماڵ و دەوروبەری بكڕدرێت. بەم شێوازە، ئێمە تەنها قەرەبووی زیانلێكەوتووانمان نەكردۆتەوە، بەڵكو بازاڕی شارەكەمان بە تەواوی بوژاندۆتەوە. كاتێك پارەكە دەچێتە گیرفانی دوكاندارێكی شارەكەوە، ئەویش قەرزەكانی دەداتەوە و دەتوانێت گەنجی شارەكە دامەزرێنێت بیانخاتە سەر كار، بەمەش سوڕێكی ئابووریی بەهێز دروست دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجان.
هەروەها بۆ ئەوەی ئەم هاوكارییانە ببنە مایەی گۆڕانكاریی ڕیشەیی و داهاتوویەكی گەش، پێویستە بیركردنەوەمان لە خەرجیی بەكاربردنـەوە بگۆڕین بۆ خەرجیی وەبەرهێنان. لێرەدا ڕۆڵی سەرمایەداران دەردەكەوێت؛ لە جیاتی ئەوەی هەموو پارەكە وەك قەرەبووی كاتی و كڕینی خۆراك دابەش بكرێت، دەبێت هان بدرێن بۆ ئەوەی بەشێك لەو سەرمایەیە بۆ كردنەوەی پڕۆژەی بازرگانی (ئەگەر بچوكیش بێت) تەرخان بكەن. كردنەوەی كارگەیەكی بچووك یان پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەلایەن خێرخوازان و سەرمایەدارانەوە ، زۆر كاریگەرترە لە بەخشینی پارەی كاش، چونكە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی كاری بەردەوام بۆ بێكارانی شارەكە. ئەم جۆرە وەبەرهێنانە، مانای ئەوەیە كە ئێمە كارەساتەكەمان كردووەتە دەرفەتێك بۆ مۆدێرنكردنی بازاڕ و مسۆگەركردنی داهاتی داهاتووی هاوڵاتیان، نەك تەنها ساڕێژكردنی برینێكی كاتی.
لە قووڵایی ئەم دیدگایەدا، دەكرێت ئەم كەمپینانە ببنە هەوێنی دامەزراندنی سیستەمێكی دارایی پارێزەر بۆ كاسبكاران و جوتیاران، وەك دروستكردنی سندوقی بیمەی كار و پیشە. ئەگەر بەشێك لە پارەی زیادەی هاوكارییەكان بكرێتە سەرمایەیەك لە بانكدا و ساڵانە كاسبكارانیش بڕێكی رەمزی تێدا دابنێن، ئەوا بۆ یەكەمجار لە مێژووی ناوچەكەدا خەڵكی شارەكە دەبنە خاوەنی پشتیوانییەكی دارایی سەربەخۆ. ئەمە وادەكات لە هەر كارەساتێكی داهاتوودا، پێویستیان بە پاڕانەوە و چاوەڕوانی دەستی دەرەكی نەبێت.
ئەگەر ئەم نەخشەڕێگا ئابوورییە جێبەجێ بكرێت، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا چەمچەماڵێك دەبینین كە نەك تەنها شوێنەواری لافاوی پێوە نەماوە، بەڵكو بووەتە خاوەنی بازاڕێكی چالاك، ژێرخانێكی پتەو و گەنجانی خاوەن كار، ئەمەش مەزنترین سەركەوتنە كە شارێك بتوانێت لە لێقەومانەوە ببێتە نموونەی ناوچەیەكی ئابووریی زیندوو و پێشكەوتوو.

































































