دانەر عەبدولغەفار
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
بە گوێرەی ماددەی ٦٧ لە دەستووری عێراقی، سەرۆكی كۆمار، هێمای یەكگرتوویی وڵاتە، نوێنەرایەتی سەروەرییەكەی دەكات، بێدارە لەسەر گرەنتی كردنی پابەندبوون بە دەستوور، پاراستنی سەربەخۆی عێراق و سەروەری و یەكگرتووی و سەلامەتی خاكەكەی، هەروەها بە گوێرەی ماددەی ٧٣ كە دەستەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری دیاركردووە، بریتین لە ١٠ دەستەڵات، لە نێویاندا: دەركردنی لێبوردنی تایبەت، پەسەندكردنی رێككەوتنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، پەسەندكردنی ئەو یاسایانەی كە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەردەچن، ئەمانە و چەندین دەستەڵاتی دیكە كە لە دەستووردا هاتوون، بە وردبوونەوە لە دەقە دەستوورییەكان روون دەبێتەوە كە دەستەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار، دەستەڵاتی هێمایی ( تەشریفی )نین، ئەگەر سەرۆكایەتیی كۆمار وەك دامەزراوەیەكی بەهێز دەستەڵاتەكانی پراوە بكات، وەكو دامەزراوەیەكی بەهێز دەربكەوێت.
گرنگترین دەستەڵاكانی سەرۆك كۆمار پاراستنی دەستوور و كاركردن بۆ جێبەجێكردنیەتی، بەڵام سەرۆكایەتی كۆمار تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم ئەركەی خۆی جێبەجێ بكات، چەندین ماددەی دەستووری جێبەجێ نەكراون بە گشتی و بە تایبەتیش ئەو ماددانەی كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە لە دەستووردا بە ( المناگق المتنازع علیها ) ناسراون و لە ژێر چەتری ماددەی ١٤٠ـی دەستوور رێكخراوە، وە هەروەها كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كە خۆی لە جێبەجێ نەكردنی دەستوور دەبینێتەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار هیچ هەوڵێك و هەنگاوێكی دەستووری بۆ پابەندكردنی لایەنەكان بە پابەندبوون بە دەستوور نەناوە ، هەروەها لەو بڕیارانەش كە دادگای باڵای فیدراڵی دەری كردن، سەرۆكایەتی كۆمار هیچ هەڵوێستێكی دەستووریانەی نەنواند. سەرۆكی كۆمار وەكو عورف بۆ كوردە، وە نوێنەرایەتی كوردستان دەكات بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە، سەركەوتنی دامەزراوەی سەرۆك كۆمار لە ڕاپەڕاندنی كارەكانی سەركەوتنە بۆ هەموو كوردستان و پێچەوانەكەشی راستە، دەرئەنجامی كارا نەبوونی ئەم دامەزراوەیە بەسەر هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان شكاوەتەوە، بۆیە دەبێت سەرۆكایەتی كۆمار نەبەسترێتەوە بە حزبێكی دیاریكراو ، وە وەكو مافكەوتەی ئەم حزبە سەیر نەكرێت، بەڵكو دەبێت رەزامەندی و رێككەوتنی هەموو كوردستانیانی لەسەر بێت. ئەم دامەزراوە گرنگە كەسێك سەرۆكایەتی بكات كە بتوانێت ببێت با پارێزەری دەستوور و بەهێزەوە دەربكەوێت.

































































