وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئامادەکارییەکانی پشووی سەری ساڵی نوێ، 17 بڕیار و ڕێنمایی دەرکرد و دەوامکردنی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی بە شێوەی ئێشکگری (خەفەر) سەپاند.
وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا كە رۆژی 23-12-2025، بڵاوی كردۆتەوە پلانی تایبەتی بۆ ڕۆژانی پشووی سەری ساڵی 2026 خستە ڕوو. لە پلانەکەدا هاتووە، وێڕای پیرۆزبایی لە پزیشکان و کارمەندان، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی گشتی، نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان ڕاسپێردراون کە دەوامی ئێشکگرییان هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەم 17 بڕیارە دەبێت جێبەجێ بکرێن:
1- دانانی لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و نەخۆشخانەکان.
2- بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو، دەبێت هێڵی گەرمی پێوەندی هەبێت.
3- لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان کراوە بن.
4- پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین، خولاو، پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
5- هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگەی هاوئاهەنگی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەبێت.
6- ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 سەعاتدا لە ڕێگەی پێوەندیی مۆبایلەوە لە هەشتی بەیانی تا هەشتی بەیانیی ڕۆژی دواتر، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بکرێت.
7- ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت.
8- ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
9- بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
10- هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و وەرگر (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
11- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوە بن و زانیاریی نەخۆش تۆمار بکرێت.
12- سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
13- بانکی خوێن و خزمەتگوزاریی دابینکردنی خوێن، پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
14-سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
15- تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان بە شێوەی 24 سەعاتی، هەروەها هۆبەی پزیشکیی فریاکەوتن تیم بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دابین دەکات.
16- تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان.
17- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.
































































