مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
حكومەتی لیبیا، پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوون لە هۆكاری كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەی سوپاسالاری وڵاتەكەی و هاوەڵەكانی لە توركیا ڕاگەیاند .
حكومەتی نیشتمانی لیبیا، لە ڕاگەیاندراوێكدا پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوون لە هۆكارەكانی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەی سوپاسالاری وڵاتەكەی ئاشكرا كرد و ڕایدەگەیەنێت “لیژنەكە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەریی توركیا دەكات بۆ ئاگاداربوون لە وردەكارییەكانی ڕووداوەكە،”
دەشڵێت “لیژنەكە لێكۆڵینەوە لەبوونی هەر گومانێكی كەمتەرخەمی یان كردەوەی تاوانكاری لە پشت ڕووداوەكەوە دەكات و لەگەڵ ئەنجامدانی ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی گواستنەوەی تەرمەكان بۆ لیبیا.”
دوێنێ لە كاتی سەردانیكردنی بۆ توركیا، محەممەد حەداد سوپاسالاری لیبیا و چوار لە هاوەڵەكانی بە هۆی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەیان لە گوندی كەسیككاڤاكی سەر بە شارۆچكەی هایمانای سەر بە ئەنقەرە گیانیان لەدەستدا .

































































