نادر ڕوستی
لە وەرزی زستان، بەتایبەت دوای بەفربارین لە ناوچە شاخاویەكان، هاووڵاتیان و گەشتیاران ئارەزووی گەشتی ناو بەفر دەكەن، بەهۆی بێ پلانی و كەمی هۆشیاری، زۆرجار گەشتیاران ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە، گەشتکردن بۆ ناو بەفر و ناوچە شاخاوییەکان چەندە خۆش و سەرنجڕاکێشە، ئەوەندەش مەترسیدارە ئەگەر ئامادەکاری تەواو نەکرێت. بۆ سەلامەتی خۆتان و خێزانەکەتان، ئەم ڕێنماییانە بە گرنگن دەزانین.
ئامادەكردنی ئۆتۆمبێل
بە شێوەی گشتی پێویستە ئۆتۆمبێلی بەرز و شیاو بۆ ناوچە شاخاویەكان بەكاربێنیت، دڵنیابەرەوە لە کارکردنی گەرمی ئۆتۆمبێل و بوونی دژە بەستن (Antifreeze) لە ڕادێتەر و ئاوی فڵچە و كاركردنی فڵچەی جامەکان. پێش ئەوەی بچیتە ناوچە دوورەدەستەکان، تانکی بەنزینەکەت پڕ بکە، نەوەک لە ڕێگا گیر بخۆیت و پێویستت بە گەرمکردنەوە بێت بۆ ماوەیەکی درێژ. بەهیچ شێوەیەک بەبێ زنجیری تایە مەڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکان، تەنانەت ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەتان دەبل (4بە4) بێت، چونکە سەهۆڵبەندان کۆنتڕۆڵ ناهێڵێت.
جلوبەرگی گونجاو
جۆری جلەكان گرنگن، لەجیاتی یەک جلی زۆر ئەستوور، چەند جۆری جلێك لەسەر یەک لەبەر بکە، تا گەرمی لەشت بپارێزێت، هەوەها جلوبەرگی زیاد بخەرە ناوجانتا یان ئۆتۆبێل لەگەڵ خۆت بەرە، چونكە لەكاتی تەڕبوون و سەرمای زۆر سوودی لیوەردەكریت، چاكەتی بارانگر و دژە ئاو گرنگە لات هەبێت. پێڵاوی ئاسایی بۆ ناو بەفر نابێت، دەبێت پووت یان پێڵاوی تایبەت بێت کە ئاو نەچێتە ناوی و بنی دڕ بێت و خلیسک نەبات. زۆربەی گەرمی لەش لە سەر و دەستەکانەوە دەچێتە دەرەوە، بۆیە کڵاو و دەستکێشی ئەستوور زۆر پێویستە لەگەڵ خۆت ببەیت.
کەشوهەوا و كاتی گونجاو
زانیاریی كەشوهەوا بۆ سەرجەم گەشتەكان
گرنگە، بۆیە پێش دەرچوون سەیری پێشبینی کەشوهەوا بکە، ئەگەر با و بۆران یان بەستەڵەك بوو، گەشتەکەت دوا بخە. لە زستان ڕۆژ کورتە و لە شاخەکان زوو تاریک دەبێت، بۆیە هەوڵبدە پێش خۆرئاوابوون لە ناوچە مەترسیدارەکان و بەرزاییەکان بێیتە خوارەوە، چونکە شەوان ڕێگا دەبێتە سەهۆڵ و مەترسی دروست دەكات.
پێداویستییە تەندروستی و تایبەتەکان
دوای بەفربارین تیشکی خۆر لەسەر بەفر تیشكدانەوەی بەهێزی هەیە و كاریگەری لەسەر چاو دروست دەكات و زیان بە چاو دەگەیەنێت، بۆیە چاویلکەی ڕەش لە زستاندا گرنگترە لە هاوین. لە کەشی سارددا شەحنی مۆبایل زوو دادەبەزێت، بۆیە پاوەر بانکێک ببە نەوەک مۆبایلەكەت وزەی نەمێنێت و نەتوانی پەیوەندی بكەیت، چونكە رەنگە پێویستت بە پەیوەندی هەبێت. هەمیشە بڕێک ئاو و خۆراکی وشک (وەک بسکیت، خورما، گوێز و چەرەس) لە ئۆتۆمبێلەکەتدا هەبێت بۆ حاڵەتی لەناکاو.
پاراستنی ژینگە
پاراستنی ژینگە ئەركی هەموومانە، بۆیە پێویستە پاشماوەی خواردن و پلاستیک لەسەر بەفرەکە بەجێ نەهێڵن، کاتێک بەفر دەتوێتەوە، دیمەنێکی زۆر ناشرین و زیانبەخش بۆ سرووشت دروست دەکات و زیانی زۆر بە خاك و ئایندەی ژینگە دەكەیەنێت.































































